رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا سەرجەم هاوکارییە دەرەکییەکانی وڵاتەکەی رابگرێت. بەرپرسی راگەیاندنی وەزیری پێشمەرگە بە رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ نووسراو و ئاگادارکردنەوەیەکیان لەبارەی راگرتنی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە پێنەگەیشتووە.
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2025، شاکۆ عوسمان، بەرپرسی راگەیاندنی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ نووسراو یان ئاگادارکردنەوەیەکمان لەبارەی راگرتنی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە پێنەگەیشتووە و لیستی مووچەی مانگی یەکیشمان بۆ هاوپەیمانان ناردووە."
بە گوتەی شاکۆ عوسمان، "بەگوێرەی ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەی کە لە ساڵی 2022ـدا لە نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگەدا واژۆکرا، لە خاڵێکدا باس لەوە کراوە کە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبن. واتا تاوەکو ئەو کاتە مسۆگەر کراوە، تەنیا مەگەر بڕیارێکی نوێ بدرێت کە یاداشتنامەکە هەڵبوەشێنێتەوە."
بەرپرسی راگەیاندنی وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد، "لەم دواییانەدا چەند جارێک شاندی هاوپەیمانان و ئەمریکا سەردانیان کردووین، گەر بەگوێرەی قسەی ئەندامانی ئەو شاندە بێت، هاوکارییەکان بەردەوام دەبن و هیچ نیازێک بۆ راگرتنیان نییە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممەی رابردوو و چەند کاژێرێک دوای دەستبەکاربوونی؛ فەرمانێکی سەرۆکایەتیی واژۆکرد بۆ ئەوەی بەرنامەکانی یارمەتیی دەرەکی بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵبپەسێردرێن، تاوەکو پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و بزانرێت ئەو یارمەتییانە تاچەند پێویستن، یاخود ئایا لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ دەگونجێن یان نا.
بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، لە ئەمڕۆوە چووە واری جێبەجێکردنەوە و تەنیا ئەو یارمەتییە سەربازییانە ناگرێتەوە کە بۆ ئیسرائیل و میسر دەنێردرێت.
ئەمریکا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە هاوبەشی ئەمریکا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە.
پێشتر، هاوکارییەکەی هاوپەیمانان دەدرایە مووچەی لیوا هاوبەشەکان، بەڵام دوای ئەوەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، ئەو بڕە پارەیە دابەشی سەر لیواکانی پیادە دەکرێت، بەدەر لە مووچەکەی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ