مامۆستایانی گرێبەست لە هەولێر و دهۆک داوای شایستەی دارایی مانگەکانی 7 و 8 پار دەکەن

25-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرێکی مامۆستایانی گرێبەست دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک شایستەی دارایی وانەبێژی بۆ مانگەکانی 7 و 8ی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە. جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، بەڵێنی زارەکی بۆ دابەشکردنی پارەکەیان دراوە.
 
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک شایستەی دارایی دوو مانگی ساڵی رابردوومان وەرنەگرتووە. ئەم هەفتەیە وەری نەگرین، خۆپێشاندان دەکەین."
 
لە هەرێمی کوردستان 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەبوون و کۆتایی مانگی ئابی ساڵی رابردوو بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرانە گرێبەست.
 
هەر ئەمڕۆ عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین مامۆستایانی گرێبەست مووچەی وانەبێژیی مانگەکانی 7 و 8ی ساڵی رابردوویان وەرگرتووە، ئەوەی ماوە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن."
 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بەڵێنی زارەکی دراوە کە لە رۆژانی داهاتوودا شایستەی دارایی مامۆستایانی هەولێر و دهۆکیش خەرج دەکرێت، بەڵام "دڵنیایی نەدراوە لە چی رۆژێکدا دەبێت."
 
هەروەها عەلی رەئووف گوتی، "لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان قسەم کردووە. ئەوان دەڵێن، ئێستا سیولەمان بەردەست نییە؛ بۆیە دابەشکردن راگیراوە."
 
مامۆستایانی گرێبەست هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی 11یان لەگەڵ دامەزراواندا وەرگرت.
 
25ـی ئابی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا وانەبێژان بکاتە گرێبەست کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 مامۆستا بوو. دوای رێکارە کارگێڕییەکان، سەرجەمیان کرانە گرێبەست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە