کوردستان
ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتیاری لە سلێمانی دەڵێن، ئازەربایجان ڤیزا نادات بە هاونیشتمانییانی ئەو شارە.
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان بە رووداوی راگەیاند، هیچ رێگرییەک بۆ هاووڵاتییانی عێراقی نییە بۆ ئەوەی ڤیزای ئەو وڵاتە وەربگرن، بەڵکو دەتوانن لە باڵیۆزخانەی ئازەربایجان داواکاری پێشکێش بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە نووسینگەکانی گەشتوگوزار لە سلێمانی دەڵێن، تێبنییان کردووە ئازەربایجان ڤیزا ناداتە دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی.
رۆژی چوارشەممە، 24ی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان، لە رێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی، "هەڵگرانی پاسپۆرتی کۆماری عێراق هیچ رێگرییەکیان بۆ وەرگرتنی ڤیزا نییە". هەروەها دەشڵێت، هاووڵاتییانی عێراق دەتوانن لە باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە بەغدا داواکاری پێشکێش بکەن."
ئەو گوتانەی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان بۆ رووداو دوای ئەوە دێن کە رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە نەسیر مەمدوف، باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆککۆماری عێراق داوای کردووە، "پێویستە ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییان بکرێت بۆ ئەوەی سەرجەم شارەکان بەتایبەت سلێمانی بگرێتەوە، کە دانیشتووانی کێشەی پێدانی ڤیزای ئازەربایجانیان هەیە."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، باڵیۆزی ئازەربایجان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، گرنگە ڤیزا بدرێتە سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق لەنێویاندا دانیشتووانی سلێمانی و ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر لەمبارەیەوە ئاسانبکرێن، هەروەها گوتوویەتی، کار بۆ کردنەوەی هێڵێکی راستەخۆی گەشتکردن لەنێوان باکۆ و سلێمانی دەکرێت.
ساڵی رابردوو ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتیاری نامەیەکیان بۆ سەرۆککۆمار نارد بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکرێت لە پێدانی ڤیزای ئازەربایجان بە دانیشتووانی سلێمانی، کە بە گوتەی ئەو نۆ کۆمپانیایە، هاونیشتمانییان ئەوانەی پاسپۆرتیان لە سلێمانییەوە دەرچووبێت ڤیزایان پێنادرێت و رەتدەکرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە یەکێک لەو کۆمپانیایانە، رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، بە رووداوی گوت، "ئەوەی هەیە ماوەیەکە هەستدەکرێت ئەو هاووڵاتییانەی پاسپۆرتی سلێمانییان هەیە و داوای ڤیزای ئازەربایجان دەکەن، پێیاننادرێت و رەتدەکرێتەوە، لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە پێدانی ڤیزا راوەستا، بەڵام لە ساڵی رابردوو دەستیپێکرایەوە، کەچی دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی ناگرێتەوە و هۆکارەکەشی نازاندرێت."
رۆژی شەممە، 23-12-2023، هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ شەش مانگی دیکە و تاوەکو 22ـی 6ـی 2024 درێژکردەوە. کە لە 3ـی نیسانی 2023، کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرت.
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان [قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران] چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ