رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتیوانی لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی داهاتوویان لە چوارچێوەی بابەتی سەربازی و ئەمنی دەکات.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت، "دانوستاندن تاکە رێگەی دروستە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا."
پاڵپشتییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ سەر لەنوێ دەستپێکردنەوەی دانوساندن لەگەڵ ئەمەریکا بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی داهاتوویان لە چوارچێوەی بابەتی سەربازی و ئەمنیدایە، لەپێناو گەرەنتیکردنی بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی وڵات لە پەلامارە دەرەکییەکان بە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هەرێمی کوردستانیشەوە.
هەروەها لە پەیامەکەیدا هاتووە، "دانوستاندن تاکە رێگەی دروستە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان کۆماری عێراقی فیدراڵ و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا."
لەبارەی پشتیوانیکردنی رێککەوتنی حکومەتی عێراق و ئەمریکا رۆژی (25-01-2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانی و پێشوازی خۆی بۆ رێککەوتنەکە دەربڕی و رایگەیاند "ههرێمی کوردستان پشتگیری له رێککهوتنەکە دهکات و هاوکار و یارمهتیدهر دهبێت بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و سهقامگیری و سهروهریی وڵات و بهرهوپێشبردنی پهیوهندییهکان لهسهر بنهمای رێز لهیهکگرتن و بهرژهوهندیی هاوبهش."
پێشوازی هەریەکە لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە وەزارەتەکانی دەرەوەی عێراق و بەرگریی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڵاویانکردەوە، لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لە حکومەتی هەردوو وڵات پێکهاتووە ئەو لیژنە هاوبەشە، تایبەتە بە گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەغدا ئامانجییەتی "خشتەیەکی ورد و روون بۆ دیاریکردنی ماوەی مانەوەی راوێژکارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دابنێت" تاوەکو هاوپەیمانییەکە "دەست بە کشانەوەی بە قۆناخ و بە مەبەستی راوێژکارەکانی لە عێراق بکات."
بە گوێرەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە "هەموو قۆناخەکانی" گفتوگۆی لیژنەکەدا، راوێژ بە وڵاتانی نێو هاوپەیمانییەکە دەکرێت".
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
پشتیوانی لە هەڵوێستی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی دەکەین و هەروەها پشتیوانی لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەکەین بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی دانوساندن لەگەڵ ئەمەریکا بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی داهاتوویان لە چوارچێوەی بابەتی سەربازی و ئەمنی لەپێناو گەرەنتیکردنی بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی وڵات لە پەلامارە دەرەکییەکان بە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هەرێمی کوردستانیشەوە.
دانوساندن تاکە ڕێگەی دروستە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان کۆماری عێراقی فیدڕاڵ و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
مسعود بارزانی
25ی کانوونی دووەمی 2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ