هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: ساڵی رابردوو 996 خێزانی عێراقی لە کامپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان

رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت، ئەو کەسانەی لە کامپی هۆلی پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانن بۆ نزیکەی 43 هەزار کەس کەمبوونەتەوە.

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رۆژی پێنجشەممە، 25-1-2024، بڵاویکردەوە، "گەڕانەوەی خەڵکی کامپی هۆل بەردەوامە. خەڵکی کامپەکە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، بەتایبەت هاووڵاتییانی سووری و عێراقی کە بەردەوامن لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان."
 
ئەو هاوپەیمانییە هەروەها دەڵێت، "ئێستا 43 هەزار و 446 کەس لە کامپی هۆل دەمێننەوە. لە ساڵی 2023ـدا نۆ هەزار و 70 کەس کامپەکەیان جێهشت و گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان. هەر ساڵی رابردوو 996 خێزانیش لە کامپەکەوە گەڕانەوە عێراق."
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2023ـدا دوو هەزار و حەوت کەس لە کامپی جەدعەی پارێزگای نەینەواوە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
 
کامپی هۆل دەکەوێتە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدەدایە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 25-1-2024، عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی عێراق لە رێگەی وەزارەتەکەمانەوە و بەپێی رێککەوتن لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات، پابەندە بە گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی لەو کامپەدا ماون. ئەم ساڵیش چەندین کەس لە کامپەکەوە بۆ عێراق دەگەڕێنەوە."
 
زۆرینەی ئەوانەی لە کامپی هۆلن، ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. ئەوانەی لەوێ دەمێننەوە هاووڵاتیی 57 وڵاتن.