پرۆژەیەکی بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە سنووری ئامێدی بۆردوومانکرا

25-01-2024
هونەر رەشید
دیمەنی ساتی بۆردوومانەکە
دیمەنی ساتی بۆردوومانەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پرۆژەیەکی بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە گوندی سەرگەلێ ـی سنووری قەزای ئامێدی بۆردوومانکرا و هاونیشتمانییەکی ناوچەکەش دەڵێت، "تورکیا بە پێنج مووشەک بۆردوومانەکەی کردووە و بەهۆیەوە حەوت تۆن ئالیک و دوو هەزار فەردە کا لەنێوچوون."
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 25-01-2024، پێشکەوت رەشید، هاونیشتمانییەکی گوندی سەرگەلێ بە رووداوی راگەیاند، لە کاژێر 04:30 ئێوارە فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی پرۆژەکەیان کردووە. 
 
پێشکەوت رەشید دەڵێت، ئەو دوێنێ لە هێرشەکە ئاگادارکراوەتەوە و ماڵبات و مەڕوماڵاتەکەی دوورخستووەتە لەو پرۆژەیە و بۆیە هیچ کەسێک بەو هۆکارە گیانی لەدەست نەداوە و نزیکەی 300 سەر ماڵاتی هەیە هەمووی گواستووەتەوە بۆ نێو پرۆژەی براکەی و زیانیان بەر نەکەوتووە. 
 
هەروەها باس لەوەش دەکات، کە نۆ کەس لە نەتەوەی عەرەب لە پرۆژەکەدا کاریان کردووە و تەندروستی ئەوان باشە و دووربوونە لە کاتی بۆردوومانەکە، بەڵام هەموو کەلوپەلەکانی نێو ماڵەکەیان لەنێوچوون. 
 
ئەو پرۆژەیە لە ساڵی 2011 کراوەتەوە و لە ساڵی 2012ەوە مەڕ و ماڵاتی تێدا بەخێودەکرێت. رووبەری پرۆژەکە دوو دۆنمە.
 
بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەوە کە زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە، تەنیا لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 104 گوند چۆڵکراون.
 
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، دوو هەفتەیە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناوچەکەدا چڕ بووەتەوە. 
 
رۆژی 12-1-2024 گەریلاکانی پەکەکە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی سوپای تورکیا لە سنووری ئامێدی و لە ئەنجامدا 9 سەرباز کوژران و 12 گەریلاش گیانیان لەدەستدا، ئەوە بە گوێرەی وەزارەتیی بەرگریی تورکیا.
 
لەو رۆژەوە سوپای تورکیا بۆردوومانەکانی بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان زیادکردووە و دەستی بە بۆردوومانی چڕی رۆژئاوای کوردستانیش کردووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە