ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبەسەرداگرتنی یەک ملیۆن حەبی کاپتاگۆنی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستیان بەسەر یەک ملیۆن دەنک حەبی کاپتاگۆندا گرتووە کە دوو بازرگانی مادە هۆشبەرەکان ویستوویانە لە سووریاوە بیانبەنە نێو هەرێمی کوردستان. 
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-1-2024 بڵاویکردەوە، "دوو هاووڵاتی سووریا کە دانیشتووی دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانن ئەو حەبانەیان هێناوەتە نێو سنووری سلێمانی و ویستوویانە لەوێوە بیانبەنە ناوچەکانی دیکەی خوارووی عێراق."
 
بە گوتەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەڕایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش بە هاوئاهەنگی دەستیان بەسەر ئەو حەبانەدا گرتووە.
 
ئەو دوو تۆمەتبارەی دەستگیرکراون بە گوێرەی مادەی 26ـی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2020 کە تایبەتە بە یاسای مادە هۆشبەرەکان دادگایی دەکرێن.
 
سەبارەت بە ناسنامەی دوو تۆمەتبارەکە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەردووکیان خەڵکی سووریان و نیشتەجێی هەرێمی کوردستان نین و بەشێوەی نایاسایی هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان".

 

 
بە گوێرەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2023دا نزیکەی 991 کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە مادەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون کە 83 کەسیان بازرگانییان بە مادەکەوە کردووە.
 
کاپتاگۆن ئەمفیتامینێکە لە دەرمانێکی خەواندنی ناچاری دەردەهێندرێت کە پێشتر یاسایی بوو. کاپتاگۆن ئێستا بووەتە هۆشبەرێکی بەربڵاو لە وڵاتانی کەنداو؛ سووریا گەورەترین بەرهەمهێنەرییەتی.
 
رۆژی 11-12-2023، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەکارهێنەر و بازرگانانی مادەی هۆشبەر بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیکردووە و رایگەیاند، ئێستا لە کۆی پێنج هەزار و 418 سزادراو، هەزار و 180 سزادراو بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەرن کە 520ـیان بازرگان و 660ـیان بەکارهێنەرن.