رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتی ژووری کاسبکار و پیشەوەرانی ئامەد، پار هەزار و 346 دووکاندار لەو پارێزگایەی باکووری کوردستان، ناچار بوون دووکانەکانیان دابخەن. لەکاتێکدا ساڵی 2022 لە ئامەد هەزار و 150 دووکان داخرابوون.
عەلیجان ئەبەدینئۆغڵو، سەرۆکی ژووری کاسبکار و پیشەوەرانی ئامەد باسی لەوە کرد، یەکەمجارە رووبەڕووی داخستنی ژمارەیەکی وەهای دووکان ببنەوە و گوتی: "وەکو ژوورەکەمان 32 هەزار ئەندامی تۆمارکراومان هەیە. هەروەها 30 هەزار کاسبکاری تۆمارنەکراو هەن. لە بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی پار لە دیاربەکر 2 هەزار و 82 شوێنی کار رووخان و 20 کاسبکاریش لە نێویاندا گیانیان سپارد. هێشتا دووکان داخستن درێژەی هەیە و لە 100 کەس 20یان بێ کارن".
سەبارەت بە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە، عەلیجان ئەبەدینئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین جار چووەتە ئەنقەرە و گوتی: "پێویستە قەرزێکی 750 هەزار لیرەیی (نزیکەی 24 هەزار و 800 دۆلار) بە کاسبکاران بدرێت، بەجۆرێک دوای دوو ساڵ ئینجا کاسبکاران دەست بە دانەوەی بکەن".
سەرۆکی ژووری کاسبکار و پیشەوەرانی ئامەد هەروەها رایگەیاند، زۆربەی کەرتەکانی کار کەوتوونەتە ژێر گوشاری قەرز و پێویستە حکومەتی تورکیا لێبووردنێک بۆ سووککردنی قەرزەکان دەربکات.
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان مەڕەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکانی مەرەش و دەوروبەری، 50 هەزار کەسی تێپەڕاند. ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر کەرتەکانی کار و کاسبکاران دروستکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ