لە دیلۆک سێ کرێکار لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستاندا سێ کرێکار گیانیان لەدەستدا، بەمەش ژمارەی ئەو کرێکارانەی لەو مانگەدا لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە بۆ حەوت کرێکار بەرزبووەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێ کرێکار گیانیان لەدەستدا. لەکاتێکدا لە رۆژی 7-1-2024 تاوەکو 19-1-2024 لەو پارێزگایەی باکووری کوردستان 4 کرێکاری دیکە گیانیان لەدەستدابوو.
رۆژی 14-1-2024 پاسەوانێکی پرۆژەی بیناسازی بە ناوی رەشید کایا کە تەمەنی 64 ساڵ بوو، لەلایەن گرووپێک دزەوە تەقەی لێکرا و بریندارکرا. دوای هەشت رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
رۆژی 23-1-2024 محەممەد ئەمین ئاڕی، کرێکاری پارکێت لە نهۆمی حەوتەمی باڵەخانەیەکەوە کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. محەممەدی تەمەن 21 ساڵ، ئەو رۆژە دەستی بە کار کردبوو. هەمان رۆژ کرێکارێکی دیکەی کارگەی مەڕمەڕ بەناوی محەممەد دوڕسون ئاریسەڤەر کە تەمەنی 5 ساڵ بوو، گیرەی ئاسنی کرێن بەسەریدا کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. ئەوانە چیرۆکی بەشێک لەو 7 کرێکارانەن کە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمە لە شارێکی وەکو دیلۆک کە بە شاری کار و پیشە دەناسرێت، بووەتە هۆی ناڕەزایی و گلەیی نەبوونی سەلامەتیی کار دەکرێت.
بەگوێرەی راپۆرتی ئەنجوومەنی تەندروستیی کرێکار و سەلامەتیی کار (ISIG) ساڵی رابردوو 1929 کرێکاری تورکیا و باکووری کوردستان لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە.