ئایدن مەعرووف: داواکارین کورسیی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ 10 کورسی زیادبکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەکو پێکهاتەی تورکمان داواکارن کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان لە پێنج کورسییەوە بۆ 10 کورسی زیادبکرێت. دەشڵێت، "پێویستە رەچاوی دۆخی پێکهاتەکان بکرێت و نابێت تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێن". نوێنەرێکی پێکهاتەی کریستیانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "داواکارین کورسیی پێکهاتەکان زیاد بکرێت و نوێنەرمان هەبێت لە ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن."
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی گوت، بەشداری و بوونی پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی و لە پەرلەمان و حکومەت لە هەرێمی کوردستان گرنگە و جیاوازیی بۆچوونی لایەنەکان ئاساییە، "بەڵام نابێت بوونی پێکهاتەکان تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێت، بەڵکو پێکهاتەکان دەبێت ببنە هۆکاری چارەسەرکردنی کێشەکان."
لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ناکۆکییان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کورسیی پێکهاتەکان هەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و نەوەی نوێ لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەبچێت و هەرێمی کوردستان دابەشی چوار بازنەی هەڵبژاردن بکرێت، هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان و حیزبی شیوعی و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت.
ئایدن مەعرووف دەڵێت، "داواکاریی ئێمە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە یەک بازنە، مانای ئەوە نییە پشتیوانیی لایەنێکی دیاریکراو بکەین، بەڵکو پێکهاتەکان 'دۆخێکی تایبەتیان' هەیە، پارتی و یەکێتی دوو حیزبی سەرەکین لە هەرێمی کوردستان و پێویستە رەچاوی دۆخ و داواکاریی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بکرێت و بەڕاوێژ لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکان بێت."
لەبارەی داواکاریی پێکهاتەی تورکمان لە ئەگەری هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئایدن مەعرووف دەڵێت، "ئێمە بە فەرمی داوامان کردووە کورسیی پێکهاتەکان زیاد بکرێت، ژمارەی کورسیی نەتەوەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، لە 5 کورسییەوە بکرێتە 10 کورسی، هەروەک بوون و بەشداریی پێکهاتەکان پاڵپشتە بۆ پێشکەوتنی دیموکراسی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان".
هاوکارت رۆبینا تیاری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پێکهاتەی کریستیان بە رادیۆ رووداوی گوت، "ئێمە وەکو نوێنەرانی پێکهاتەی کلدان و سریانی و ئاشووری داواکارین هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت، هەروەها وەکو پێکهاتەی کلدانی و سریانی و ئاشووری نوێنەرمان هەبێت لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان."
نوێنەرەکەی پێکهاتەی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، لە ئەگەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەوانیش وەکو پێکهاتەکان داوا دەکەن کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان زیاد بکرێت.
رۆبینا تیاری ئاماژەی بەوەش کرد،"ئێمە وەکو پێکهاتەکان، خۆمان بڕیار لە نوێنەرایەتیی خۆمان دەدەین و هیچ کەسێک مافی نییە ببێتە دادوەری ئێمە و بڕیار لە نوێنەرایەتیی ئێمە بدرێت، پێکهاتەکان موڵکی هیچ حیزبێک نییە."
لەبارەی داواکاریی پێکهاتەکانەوە لە کاتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی کریستیان ئاماژەی بەوەکرد، "گرفتەکان لە پێکهاتەکان گەورەترن و ئێمە خۆمان داکۆکی لە مافی خۆمان دەکەین، لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان هاوڕاین بۆ ئەوەی لە کاتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن کورسیی پێکهاتەکان زیاد بکرێت و نوێنەرمان هەبێت لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن."