بۆ یەکەمجار درۆن بە پۆلیسی کەرکووک دەدرێت

25-01-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى ناوخۆى عێراق حەوت درۆنى هەڵگرى کامێراى گەرمبین دەداتە پۆلیسی کەرکووک. گوتەبێژى پۆلیسی شارەکەش دەڵێت: "پۆلیسی کەرکووک یەکەم پۆلیسی پارێزگاکانى عێراقە ئەو فڕۆکانەى پێبدرێت و تواناى بۆردوومانکردنیان هەیە".
 
رۆژی چوارشەممە، 25ـى کانوونى دووەمى 2023، عامر نوورى، گوتەبێژى پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "حەوت درۆنیان لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق وەرگرتووە و ئەمڕۆ خراونەتە ئەرکەوە وەک یەکەم پۆلیس لەسەر ئاستى پارێزگاکانى عێراق، کە ئەو جۆرە فڕۆکەیەیان پێبدرێت."
 
عامر نوورى گوتى: "ئەو درۆنانە کامێراى گەرمبینیان پێوەیە و تواناى بۆردوومانکردنیان هەیە ئەگەر مووشەکیان لێ ببەسترێت، بەتایبەت لە ناوچەکانى دەوروبەرى کەرکووک".
 
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت، ئەو درۆنانە بۆ رووماڵکردنى دەوروبەرى پارێزگاى کەرکووک و راوەدوونانى کەسانى گومانلێکراو و تاوانباران و پاشماوەکانى رێکخراوى داعش-ن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە