قایمقامی سەیدسادق دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی راژە

25-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی پۆستێکی نوێ وەردەگرێت و دەکرێتە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی راژەی هەرێمی کوردستان، بەو هۆیەوە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشکردووە. قایمقامەکە دەڵێت، "هەفتەی داهاتوو لە پۆستە نوێیەکەم دەستبەکاردەبم."
 
رۆژی چوارشەممە، 25-1-2023، دیاری رەفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی کە رۆژی 24-1-2023 داوای بەخشینی بۆ پارێزگاری سلێمانی ناردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی پۆستی نوێم پێدراوە، بۆیە داوای بەخشینم لە پۆستەکەم پێشکێشکردووە، پۆستە نوێیەکەشم جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی راژەی هەرێمی کوردستان دەبێت، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەستبەکاربم."
 
سەبارەت بە شوێنگرەوەکەشی، قایمقامی قەزای سەیدسادق گوتی: "کەسێک کە هەر کادیری یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە بەناوی محەممەد رەزا ئیسماعیل، کە ئێستا لەناو پارێزگای سلێمانی دەوام دەکات و پێشتر قایمقامی شوێنی دیکەش بووە لەوانە دەربەندیخان، هەفتەی داهاتوو لە شوێنی من وەکو قایمقامی قەزای سەیدسادق دەستبەکار دەبێت."
 
دیاری رەفیق، قایمقامی قەزای سەیدسادق رۆژی 24-1-2023 بە نووسراوێکی فەرمی بە ناونیشانی (بەخشین) کە بۆ پارێزگاری سلێمانی ناردووە؛ داوایکردووە لە پۆستەکەی ببەخشرێت، بەهۆی ئەوەی فەرمانی هەرێمایەتی و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە بە مەبەستی گواستنەوەی راژەکەی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران / ئەنجوومەنی گشتیی راژەی هەرێمی کوردستان.
 
دیاری رەفیق ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە قایمقامی قەزای سەیدسادقە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دەستلەکارکێشانەکەی نامەیەکی نووسیوە و جگە لە سوپاسکردنی خەڵک و حیزبەکەی و سەرکردایەتیی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، دەڵێت: "هەرگیز خیانەتم لە وەزیفەکەم نەکردووە، ئیدارەم بەکارنەهێناوە بۆ مەرامی کەسی، حیزبی، خزم و کەسوکارم، لەو پێناوەشدا زۆر زۆر بێ منەتم ئەگەر بەڵگەیەک هەبێت بۆ رای گشتی بخرێتەڕوو."
 
هاوکات موڵکی ماڵیشی ئاشکراکردووە و دەڵێت: "تەنیا خاوەنی خانوویەکم لە سلێمانی کە خۆم و ماڵ و منداڵم تێیدا دەژین، تائێستاش بە ناومەوە تۆمار نییە، موڵکی کۆمپانیایە، جگە لەوە هیچ ئۆتۆمبیل و شوقە و باخ و ڤێلام نییە، هەرکەس بەڵگەی هەیە دەتوانێت بۆ رای گەشتی بەیانبکات. "
 
قایمقامی سەیدسادق باس لە سکاڵاکردن لە خۆی دەکات و دەڵێت: "لە ساڵانی پیشوو تەنیا کەس بووم سکاڵام لەسەر خۆم و کۆمپانیاکانی سنوورەکە تۆمارکرد لە جیگریەتی داواکاری گشتی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە، بەداخەوە کاری تێدانەکرا بە حوکمی نەبوونی 'خصومة' لە داواکەدا."
 
هەروەها دەشڵێت: "چەندین جار داوای لێکۆڵینەوە و دروستکردنی لیژنەم کردووە لەسەر کاروبارەکانم  هەم لە حیزب و هەم لە حکومەت و هەم لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، هی دیکەش."
 
دیاری رەفیق، لەکۆتایی پەیامەکەیدا رووی دەمی دەکاتە خەڵکی قەزای سەیدسادق و دەڵێت: "داوای لێبووردن لە هەموو دانیشتووانی سەیدسادق دەکەم ئەگەر نەمتوانی بێت لە جێگەی ئومێدی ئەوان بم، داوای لێبووردن لە کەسوکارم دەکەم، ئەگەر بەبۆنەی منەوە زەحمەتیان کێشابێت، داوای لێبووردن لە هەموو ئۆرگانەکانی حیزبەکەم دەکەم ئەگەر رۆژێک بە بۆنەوی منەوە یان باجی کەموکورتی منیان دابێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە