رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند هێشتا مووچە و بودجە بۆ لیوای 20ی پێشمەرگە دابیننەکراوە و چاوەڕێی بەغدا دەکەن.
رۆژی سێشەممە 25-1-2022، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاری دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش درا، لیوایەکیان سەر بە هەرێمی کوردستان و ئەوی دیکەش سەر بە عێراقە، لیواکەی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیە و تەنیا ئەوەی ماوە مەشقی هاوبەش لەگەڵ لیواکەی عێراق بکەن".
هەر لیوایەک لە 3500 سەرباز پێکدێت، بەگوتەی جەبار یاوەر، لیواکەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی خراوەتە سەر عێراق و نووسراو ئاراستەی مستەفا کازمی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق کراوە و ئەویش رەزامەندی دەربڕیوە.
سەبارەت بە خەرجنەکردنی مووچەی پێشمەرگەکانی لیوای 20، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "ساڵی رابردوو وەزیری دارایی عێراق گوتبووی بودجەم لەبەردەست نییە بۆ ئەو دوو لیوایە، چونکە دەبێت مووچە و هەموو کەرەستە پێویستییەکانیان لەلایەن عێراقەوە دابینبکرێت، ئێستاش ئێمە چاوەڕوانی وەزارەتەکانی دارایی و بەرگریی عێراقین، بۆ ئەوەی بەتەوایی لیواکە بگوازرێنەوە سەر عێراق".
لیواکەی هەرێمی کوردستان لە بنکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە مەشقیان پێکراوە، ئەوەی ماوەتەوە دەبێت دوای تێکەڵبوونیان لەگەڵ لیواکەی سوپای عێراقدا، لە ناوچەکانی سوپای عێراق مەشقی هاوبەش وەربگرن و دواتر دابەشی ئەو شوێنانە بکرێن کە بۆشایی ئەمنی ناودەبرێن.
نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنیی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، کە زۆرینەی دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دروستبوون و بەهۆکاری سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش دادەنرێن بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
کۆتایی ساڵی رابردوو، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق چەند ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لەو ناوچانە کرد، دواتر گەڕانەوە سنوورەکانی خۆیان، بەوەش تاوەکو ئێستا ئەو بۆشاییانە پڕنەکراونەتەوە، بەڵام وەک جەبار یاوەر گوتی: "هەموو ئەو یەکانەی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەی بۆشاییە ئەمنییەکاندا نزیکی یەکن، دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە کەی بیانەوێت ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بکەن و بەردەوام ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیش دەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ