لە دۆمیز پەنابەرێکی رۆژئاوای کوردستان تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی پێست دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
پەنابەرێکی رۆژئاوای کوردستان دووساڵە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی پێست بووە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە، ئەو دەڵێت توانای نییە چارەسەری نەخۆشییەکەی بکات.
نورەدین ئیبراهیم، پەنابەرێکی رۆژئاوای کوردستانە و لە کەمپی دۆمیز لە سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێیە، ئەو دووساڵە نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە و دەڵێت، پارەیەکی زۆری خەرجکردووە و ئێستاش هیچ توانایەکی نییە سەردانی دکتۆر بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر، دەشڵێت، "نزیکەی 2000 هەزار دۆلار قەرزاریش بووم."
نورەدین ئیبراهیم، باسی لەوە کرد، "دکتۆر دەڵێت بۆچی سەردانمان ناکەیت، منیش پارەم نییە چۆن دەتوانم هاتووچۆی دکتۆر بکەم، کرێی ئۆتۆمبێلم نییە بچمە دهۆک، پێویستە مانگی چوارجار من بچمە دهۆک، بەڵام ئەو پارەیەم نییە و ئێستا قەرزارم، داوا لە حکومەت، خێرخوازان و رێکخراوەکان دەکەم لەبەر خاتری منداڵەکانم هاوکاریم بکەن."
شێخا چەچان، هاوژینی نورەدینە و گوتی، "دەمەوێت هاوژینەکەم چارەسەر بکەن، من تەنیا ئەوەم دەوێت کە پیاوەکەم چارەسەر بکرێت، دەمەوێت ئەو بە سەلامەتی لەنێو منداڵەکانی دابنیشێت، داوا دەکەم دەنگمان بگاتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و خوای گەورە رەحم بخاتە دڵیانەوە کە هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی پیاوەکەم چاکبێتەوە."
دکتۆرێکی تایبەتمەند باس لەوە دەکات، چارەسەری نورەدین لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام پێویستی بە دەرمانی تایبەتە، ئەو دەرمانانە نرخەکانیان گرانن و تەنیا لەکەرتی تایبەتدا هەن و لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەستناکەون.
د. رەمەزان تەیب، دکتۆری تایبەتی شێرپەنجەیە و ئاماژەی بەوە کرد، "ساڵی 2020 نورەدین هاتە لای من، دەرمانی کیمیاییم پێدا، ئەو کاتە پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بوو، بەڵام لەتوانایدا نەبوو ئەوە بکات، بۆیە ئێستا نەخۆشییەکەی گەڕاوەتەوە و دەبێت جارێکی دیکە بەڕێگەی کیمایی چارەسەری وەربگرێت و دوای ئەوە نەشتەرگەری بۆ بکرێت، چارەسەری نورەدین لە کوردستان هەیە و پێویستی بە دەرەوەی وڵات نییە."
نورەدین، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و نیشتەجێی کەمپی دۆمیزە لە پارێزگای دهۆک، پێش ئەوەی نەخۆش بکەوێت کرێکاری دەکرد، بەڵام دوو ساڵە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە ناتوانێت کار بکات و چاوەڕێی یارمەتی حکومەت و خەڵکی خێرخوازە.