نازم دەباغ: ئێرانییەکان بەڵێنیان پێدام بەدواداچوون بۆ 'فیلمی تەوەکول' بکەن
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لەبارەی فیلمی (تەوەکول) لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووەتەوە و پێیانڕاگەیاندبووە کە ئەو فیلمە بۆچوونی فەرمی کۆماری ئیسلامی نییە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەبارەی فیلمی (تەوەکول) لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوومەتەوە و ئەمڕۆش بۆ دووەمجار لەگەڵیان کۆدەبمەوە و نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشم لەبارەی ئەو فیلمەوە پێگەیاندوون، ئەوانیش پێیانگوتم کە ئەو فیلمە بۆچوونی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە.
نازم دەباغ گوتی: "بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئاماژەیان بەوەکرد، کە ئێران رێز لە هەموو کەسایەتیی و سیمبولێک دەگرێت و نایەوێ سووکایەتی بە هیچ کەسێک بکرێت".
لەبارەی ئەوەی کە کێ فیلمەکەی بەرهەمهێناوە و چ ئامانجێکی هەیە، بەرپرسانی ئێران بە نازم دەباغیان گوتووە: "بەدواداچوونی بۆ دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چی لە پشتەوەی بەرهەمهێنان و پەخشکردنی ئەو فیلمەوە هەیە".
چەند رۆژێک پێش ئێستا فیلمێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوکرایەوە لەبارەی رووداوی پاراستنی هەولێر لە شەڕی داعش، فیلمەکە لەلایەن دامەزراوەی فەرهەنگی مەسیر بەرهەمهێنراوە کە لەلایەن "رێکخراوی بانگەشەی ئیسلامیی ئێران"ەوە سەرپەرشتی دەکرێت، رێکخراوەکەش راستەوخۆ لەژێر چاودێری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
هەروەها لە کۆتایی فلیمەکەشدا سوپاسی نووسینگەی حاجی قاسم سولەیمانی، سوپای پاسداران، هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، سەرپەرشتیاری تەلەڤزیۆنی ئێران، وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت.
دوێنێ یەکشەممە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت: وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە فەرمیی کۆنسوڵی ئێرانیان ئاگادارکردەوە و ناڕەزایەتیی ھەرێمی کوردستانیان گەیاندووەتە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هاوکات نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە پەیوەندییەکی دێرینمان لەگەڵ هاوڕێیانمان لە هەرێمی کوردستان هەیە".
نەسروڵڵا رەشنوودی گوتیشی: "بەرپرسەکانی ئێمە و قاسم سولەیمانی هیواخوازی پەیوەندییەکی فراوانن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لەگەڵ مەسعود بارزانی، دۆستایەتی و هاوڕێیەتیی قاسم سولەیمانی و بارزانی تاوەکو رۆژەکانی کۆتایی تەمەنیشی بەهێز بوو و ئەو رێزێكی زۆری بارزانی دەگرت".
نەسروڵڵا رەشنوودی لەبارەی پەیوەندی و هاوکارییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە لە سەردەمی رژێمی دیکتاتۆر و رووخانی رژێمەکە و سەرهەڵدانی داعش ئێران هاوکاریی عێراق و پێشمەرگەمان کردووە".
کۆنسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو فیلمەی لە چەند رۆژی رابردوو بڵاوکراویەوە رایگەیاند: لەبارەی فیلمەکە پرسیاری لە بەرپرسە پەیوەندیدارەکان کردووە و ئەوان گوتوویانە کە ئاگاداری ئەو فیلمە نین، کەواتە ئەوە بۆچوونی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە.