رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە خاکی عێراقدا تاکلایەنەیە دژی یاسای نێودەوڵەتییەکان و سرووشتی پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنقەرەیە.
هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەندێک جار ناکۆکیی لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا دروست کردووە.
ئەحمەد ئەلسەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، لە بریفینگی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە هەولێر، لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق لە سەردەمی کابینەی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، رایگەیاند: "سیاسەتی عێراق بریتییە لە دوو رێڕەو، یەکەمیان کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکانە لە ئاستی ناوچەکە، دووەمیشیان بریتییە لە دەستپێشخەریکردن، هاوکات سیاسەتی دەرەوەی عێراق چەند ئاستەنگێکی لە پێشە، یەکەمیان ململانێی بەرەکانە، دووەمیان هاوبەشییە ئابوورییەکانە، سێیەمیشیان ئاستەنگی بڕیارە، بەوەی پرۆسەی بڕیاردان لە سیاسەتی دەرەوەی عێراق، عێراقی بێت و دەبێ جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بەغدا".
ئەحمەد ئەلسەحاف گوتیشی: "عێراق خاڵی هێز و خاڵی لاوازی زۆرە، بەڵام لە هەموو لایەکەوە، بە تایبەت لە راگەیاندنەکانەوە بەردەوام تیشک دەخرێتەسەر خاڵە لاوازەکانی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخی ناوخۆ و پرۆسەی سیاسی و ئاستی رێکخستنی نێو ماڵی سیاسی عێراق، لە سیاسەتی دەرەوەی عێراقدا رەنگدانەوەی هەیە".
ساڵی رابردوو دوو گەڕی گفتوگۆی ستراتیژی لەنێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێوەچوون. یەکەمیان لە مانگی حوزەیراندا بوو و ئەوی دیکەشیان لە مانگی ئابدا.
کاتێک مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە، لەو سەردانەدا ترەمپ جەختی لە کەمکردنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق کردەوە و ئێستاش ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا لە پێنج هەزار و 200 سەربازەوە بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز کەمکراونەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەشی کرد: "داواکاری عێراق لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بریتی بوو لەوەی وەک دەوڵەت بڕواننە عێراق، هاوکات وەک هاوبەش هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا بکەن، چونکە نابێ وابڕواننە عێراق وەک بڵێی بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی ئەم لایەن و ئەو لایەن، بۆیە پێشبینی دەکەین ئیدارەی جۆ بایدن، بە شێوەیەک گرنگی بە کاروباری عێراق بدات، لە ئەنجامدا عێراق دەرفەتی زیاتر بێت، بۆیە لەو باوەڕەین عێراق هەلی لە پێشە و دەتوانێ پشتیان پێوەببەستێت، چونکە بە بڕیارە پێشوەختەکانی بایدنەوە دیارە، کەوا جیاوازە لەگەڵ ترەمپ، هاوکات وەک وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەم زووانە داوا دەکات ئیدارەی نوێی ئەمریکا تیمێکی نوێی دانوستاندن دیاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ستراتیجی لە نێوان هەردوولا، هەر ئەو دانوستاندنە بووە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ 2500 سەرباز".
ئەحمەد ئەلسەحاف ئاشکراشی کرد: "سیاسەتی دەرەوەی عێراق بریتییە لەوەی نایەوێت دژایەتی هیچ لایەنێک بکات و زیانی بۆ هیچ لایەنێک هەبێت، پێشتر ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند، کەوا باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا دەکشێننەوە، هەمووان دەزانن ئەوە ئاستەنگێکی گەورە بوو بۆ عێراق، هاوکات کاریگەری زۆری دەبوو لەسەر بەرژەوەندییەکانی عێراق، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە درێژایی 40 رۆژ کاری کرد و لەگەڵ هەموو نوێنەرانی وڵاتان لە بەغدا کۆبووەوە بۆ رێگەگرتن لە کشاندنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و نوێنەرایەتییە بیانییەکان لە بەغدا، لە کۆتاییشدا سەرکەوتوو بوو، چونکە باڵیۆزی ئەمریکا سەردانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی کرد و گوتی ئێمە دەمێنینەوە".
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان، کە ناوبەناو تورکیا ئەنجامیان دەدات بە بیانووی راودوونانی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، ئەحمەد ئەلسەحاف روونیکردەوە: "عێراق دژی هەر رێکارێکی تاک لایەنانەیە و بەردەوام لە کاتی سەردانی شاندەکانی عێراق بۆ تورکیا و سەردانی شاندەکانی تورکیا بۆ عێراق، بەردەوام جەخت دەکەین کەوا پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق بکەن، چونکە ئەو ئۆپەراسیۆنانە زیان بە ئاسایش و بەرژەوەندی خەڵکمان لە هەرێمی کوردستان دەگەیەنن، هەروەها ناقبێ راودونانی چەکدارانی پەکەکە ببێتە هۆی پێشێلکردنی سەروەری عێراق".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هاوکات هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دەرەوەی عێراق و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە زۆر باش ناوبرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێت: "سەروەریی عێراق یەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ناوچەی حاجی ئۆمەران و ناوچەکانی دیکە بۆردوومان دەکرێن و ئەوەش زیان لە ژێرخان و سامانی مرۆیی دەدات و ترس لای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی عێراق دروست دەکات و زیانی لێدەکەوێتەوە. هەر بۆیە کارێکی سەرکۆنەکراوە و رەت دەکرێتەوە."
ئەحمەد سەحاف ئەوەشی نەشاردەوە کە ململانێی هەرێمیی نێوان ئەمریکا و ئێران و کێشە و ململانێ ناوخۆییەکان دوو لەو بەرەنگارییە سەرەکییانەن کە رووبەڕووی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ