گوندێکی باکووری کوردستان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە وێراندەبێت

26-01-2020
مەهدی موتلو
لە 60 خانووی گوندەکە، 40ـیان داڕماون و ئەوەیشی ماوە بە کەڵک نایەت
لە 60 خانووی گوندەکە، 40ـیان داڕماون و ئەوەیشی ماوە بە کەڵک نایەت
نیشانەکردن بوومەلەرزە
A+ A-
 

رووداو - سیڤریجە

گوندەکانی دەوروبەری مەڵەتی و خارپێت زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە. گوندی چەڤریمتاش ئەو شوێنەیە کە گوڕی بەهێزی بومەلەرزەکە لەوێ بووە و بە تەواوەتی وێرانبووە.
 
تیمی میدیایی رووداو بۆ ئەوەی باشتر کاریگەریی بوومەلەرزەکە پیشانبدات، چووە گوندی چەڤریمتاش کە 60 کیلۆمەتر لە شاری خارپێتەوە دوورە و زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
 
تیمەکانی جەندرمە دوای ئەوەی حەوت هاونیشتمانیی چەڤریمتاشیان لەژێر خانووە داڕماوەکاندا رزگارکردن، ئێستا هەوڵدەدەن ئاژەڵەکانی گوندەکە لەژێر داروپەردووەکاندا رزگاربکەن.
 
مانگایەکی ئاوس کە 20 کاژێر لەژێر چەندین تەن داروپەردوودا بوو و قاچەکانی شکابوون، هەوڵی رزگارکردنی درا.
 
لەبەر ئەوەی گوندی چەڤریمتاش لەسەر شەقبوونی زەوی بوو، ئەو بوومەلەرزەیە کە گوڕەکەی 6.8 بوو، زۆرترین کاریگەریی لەسەری هەبوو و لە 60 خانووی گوندەکە، 40ـیان داڕماون و ئەوانەیشی ماونەتەوە بە کەڵکی ئەوە نایەن تێیاندا بمێنیتەوە.
 
لە گوندی چەڤریمتاش دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی "رەمەزان ئەرتاش" و "یاشار گوچلو" لەکاتی بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە و رەوشی پێنج هاونیشتمانیی دیکەش ناجێگیرە.
 
هەموو ئەو هاونیشتمانییانەی گوندەکە کە ترسیان لێنیشتبوو، ئێستا لە مەرگ رزگاریان بووە، بەڵام پلەی گەرما کە لە خوار سفرەوەیە و هەروەها نەبوونی شوێنێک کە بچنە نێوی و نەبوونی خوارد و خواردنەوەش، هێشتا مەترسیی مردنیان لەسەر کەمنەبووەتەوە.
 
گولای ئالپاسلان، زیانلێکەتوویەکی گوندەکەیە و دەڵێت، "من بوومەلەرزەی زۆرم بینیوە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە زۆر بەهێز بوو. کاتێک دەستیپێکرد، وەک رۆژی قیامەتی لێهات. هەستاین تاوەکو هەڵبێین، بەڵام بوومەلەرزەکە هێندە بەهێز بوو کە خانووەکەمان رووخا، ئاژەڵەکانمان کەوتنە ژێر خانووەکەوە. ئێمە لەم زوقم و کڕێوەیەدا لە دەرەوەین و خانوومان نییە. لە دەرەوە سۆبەمان داگیرساندووە و گەرممان نابێتەوە. ئەگەر هاوکاریمان پێنەگات، حاڵمان وەک مردووی لێدێت".
 
مەنیجە ئەسەر، زیانلێکوتوویەکی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت، "لە دوێنێ شەوەوە خەو نەچووەتە چاومان و زۆر دەترسین".
 
نەک تەنیا کەلوپەلی گوندەکە، بەڵکو ئاژەڵەکانیش لەژێر داروپەردووەکاندا بەجێمان، چونکە ئەو گەوڕانەی تێیاندا بوون، بەتەواوەتی داڕماون.
 
رەمەزان ئالپاسلان، موختاری گوندەکەیە و دەڵێت، "ژیان لەم گوندەدا بۆ کەس نەما. ئێمە ئەو دراوسێیانەمان رزگارکردن کە کەوتبوونە ژێر داروپەردووەکانەوە. خەڵکێکی زۆر برینداربوون. بەداخەوە دوو کەسیشمان گیانیان لەدەستدا. ئێستا پێویستمان بە هاوکارییە، چونکە خانوومان نییە بچینە ناوی".
 
ئەو بوومەلەرزەی لە پارێزگاکانی مەڵەتی و خارپێتی دا، زیانێکی زۆری گیانی و ماددیی بە هاونیشتمانییان گەیاند. تیمەکانی "ئافاد" و "ئومکە"ی تورکیا بە هەردووکیانەوە سێ هەزار و 699 کارمەندیان خەریکی رزگارکردنی هاونیشتمانییانن. هەروەها تاوەکو ئێستا ئافاد شەش هەزار و 65 چادری بە زیانلێکەتووان داوە و 18 هەزار پەتووی دابەشکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە