وەرداشەكەی رواندز بە زیندوویی پەیكەری بۆ دروستكرا
لە بەردەم پەیكەرەكەیدا وەستابوو، جاروبار سەیرێكی دەكرد و بزەیەكی دەهاتێ، پاشان بە قسەیەك دەوروبەرەكەی دەهێنایە پێكەنین. پیاوێكی سەروڕیشسپی كە لە مەراسیمی پەردەلادان لەسەر پەیكەری وەرداش ئامادە بوو، دەیگوت خودا وەرداشی بۆ دڵخۆشكردنی خەڵكی رواندزێ دروستكردووە.
رۆژی 15/1/2019 لە رواندز پەردە لەسەر پەیكەری (وەرداش.. خۆشەویستی شار) لادرا. پەیكەرەكە لەلایەن قوتابیان (میڤان دارا و ئازاد سەلاحەددین )ـەوە دروستكرابوو كە هەردووكیان قوتابی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی رواندزن.. مامۆستا دانا مستەفا بەڕێوەبەری پەیمانگەكە دەڵێت :"ئەم پەیكەرە وەفایەكە بۆ وەرداشی خۆشەویستی شار، چونكە ئەو لە دڵی هەر تاكێكی ئەو شارەدا دەژیت و خەمخۆر و دڵسۆزی ژینگە و سروشتی شارەكەیە.
وەرداش كێیە؟
مستەفا ئیبراهیم خدر، تەمەن 65 ساڵ، خەڵكی شار بە وەرداش ناوی دەهێنن. باوكی وەرداش تا ئەو رۆژەی بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەكانی بەعس كوژرا، بە شوانێتی خێزانەكەی دەژیاند. پێش ئەویش دایكی و برایەكی بچووكی مردبوو، بەڵام وەرداش بەهۆی بینینی مەرگی باوكی، ژیانی بە تەواوی تێكچوو. دوای ئەو رووداوە، وەرداش زێدی لە دایكبوونی (گوندی گەرەوان) جێدێڵێت و دەچێتە گوندی ئاكۆیان، لەوێ دەبێتە شوانی مەڕدارێكی گوندەكە. شەرتەكەشیان ئەوە بووە شەش ساڵ شوانەتی بۆ بكات و كابرای مەڕدار كچێكی خۆی بداتێ، بەڵام دواتر پاشگەز دەبێتەوە، ئەمەش وا دەكات وەرداش باری دەروونی زیاتر تێكبچێ.
خۆشەویستەكەی شار
هەموو بەیانییەك لەگەڵ دەركەوتنی تیشكی خۆر، وەرداشیش دەگاتە نێو بازاڕ و بە گۆرانی و قسەی خۆش، دووكاندار و كڕیار و رێبواران دڵخۆش دەكات. دواتریش بەبێ ئەوەی كەس پێی بڵێ بەشێك لە كوچە و كۆڵانەكانی رواندز پاكدەكاتەوە. لە هاوینانیشدا دار و درەختەكانی شار ئاو دەدات.
نووری بێخاڵی، نووسەر و رۆژنامەنووس لە وەسفی وەرداشدا دەڵێ: "وەرداش كە خۆشەویستی بچووك و گەورە و منداڵ و پیر و ژن و پیاوی رواندزە، بە كۆمەڵێك خەسڵەتی جوان دەناسرێتەوە، بێوەی، هێمن، پاك، میهرەبان، خۆش مەشرەب. لەهەمووشیان گرنگتر دۆستی ژینگەیە. نە ئەو بەبێ رواندز هەڵدەكات و نە رواندزیش بێ وەرداشی لێدێت. ئەو بووەتە ئایكۆنێكی كۆمەڵایەتیی دڵگیر".
دایكێكی وەفادار
لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ، ژێرزەمینی ماڵی (جەبار مام شێخ) دەبێتە پەناگەیەكی ئارام بۆ خۆیان و دراوسێكانیان، لە ئێوارەیەكی درەنگدا كە تۆپبارانێكی سەخت لەسەر شارەكە دەبێ. وەرداش لەترسی تۆپبارانەكە دەچێتە ژێر زەمینی ماڵی مام جەبار، ئیدی لەو رۆژەوە تاوەكو ئێستا ئەم ژێرزەمینە بووەتە شوێنی مانەوەی وەرداش.
حەبیبە خدر كە هاوژینی مام جەبارە، بە (رووداو)ی گوت: "ئەو رۆژە مستەفا زۆر ترسابوو، لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە هاتنە ژێرزەمینەكەی ئێمە، شەو لە تەنیشت من خەوت، بەیانییەكی زوو رۆیشت، دوای ماوەیەك هاتەوە و دوو بەتانیشی پێبوو، جەباریش بە منداڵەكانی گوت ئاگاداری بن و دەرینەكەن، دیارە ئەویش لە ترسی رووحی خۆی هاتووەتە ئێرە، لەو رۆژەوە تاوەكو ئێستا لەو ژێرزەمینە دەژیت".
بەر لە مردنی، مام جەبار وەسیەت دەكات وەك ئەندامێكی خێزانەكە سەیری وەرداش بكرێت و مردن و ژیانی لەگەڵ ئەوان بێ و هەر كاتێكش مرد، لەتەنیشت گۆڕەكەی ئەوە بنێژرێت، بۆیە دایكە حەبیبە و كوڕەكانی تا ئێستا كار بە وەسیەتەكەی جەبار دەكەن و زیاتر لە 20 ساڵە وەرداش بەخێودەكەن.
پوورە حەبیبە دەڵێت: "پێشتر دوو جار پۆلیس هاتووە و داوایان كردووە كە وەرداش بگوازنەوە بۆ خانەی بەساڵاچووان، بەڵام من رەتمكردەوە و پێمگوتن تا من لە ژیاندا بم، وەرداش بۆ هیچ شوێنێك ناچێ".
گەنجان چاویان لە وەرداشە
جگە لە ماڵی مام جەبار، زیاتر لە 15 گەنجی دیكەی شارەكە، بە شێوەیەكی خۆبەخشانە ئەركی شووشتن و چاودێریكردنی وەرداشیان لە ئەستۆ گرتووە.
هجوم ئیلیاس یەكێك لەو گەنجانەیە و ساڵانێكە خزمەتی وەرداش دەكات. ئەو لەگەڵ گەنجەكانی دیكە، دوو هەفتە جارێك قۆڵی وەرداش دەگرن و دەیبەنە مزگەوتێكی رواندز بۆ ئەوەی لەوێ بیشۆن. هجوم دەڵێت: "وەرداش زۆر رقی لە خۆشووشتنە، بەڵام بە هەر چۆنێك بێ دەیبەین بۆ مزگەوت و دەیشۆین".
هەروەها دەڵێت :"جگە لە ئێمە، زۆربەی دووكاندارەكانی رواندز هاوكاری دەكەن، هەر لە ئێستاوە دوو قاتی نوێی بۆ هاتووە. هەموو شتێك لە دووكانەكانی رواندز بۆ وەرداش بەخۆڕاییە".
وەرداش بە پێچەوانەی زۆر لەوانەی وەكو ئەون، پارە لە كەس وەرناگرێ، لە جیاتی ئەوە بنێشت دەفرۆشێ، دوو بنێشت بداتە هەر كەسێك 1000 دیناری لێوەردەگرێ.
10 بەتانی بەخۆیدا دەدات
شوێنی مانەوەی وەرداش وەك پێویست نییە، خەڵكانێك پێیانوایە بەر لە دروستكردنی پەیكەر بۆی، دەبووایە شوێنی حەوانەوەی باشتر بكرابا. دایكە حەبیبە دەڵێت وەرداش بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكات سۆبەی نەوت لە ژوورەكەیدا هەبێ. شوێنەكەی زۆر ساردە، شەوان 10 بەتانی بەخۆیدا دەدات. بۆیە داوا لە خێرخوازان دەكات كە شوێنەكەی بۆ چاك بكەن و هەر هیچ نەبێ سپلیتێكی بۆ دابنێن".