لە چەمچەماڵ کەسێک بە تۆمەتی دزینی قەل و قازی 20 ماڵ دەستگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، تۆمەتبارێک بە تۆمەتی دزینی قەل و قاز دەستگیرکرا. قایمقام دەڵێت، "قازی لە گەڕەکێک نەهێشتبوو. بەڵام رێگە نادەین مافی کەس بخورێت".
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ئەمڕۆ سێشەممە، 24-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تۆمەتبارەکە لە گەڕەکی ئاسوودە قەل و قازی دزیوە و دوای لێکۆڵینەوەی پۆلیس دەستگیرکراوە و دەستیش گیراوە بەسەر بەشێکی قاز و قەلەکاندا".
تۆمەتبارەکە بە پاسکیل دزییەکەی کردووە. دوای سکاڵای هاونیشتمانیانی گەڕەکەکە کە بە گەڕەکی ئەنفالەکانیش ناسراوە، پۆلیسی بەڵگە و تاوان لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە و دوای چاودێری وردی گەڕەکەکە، تۆمەتبارەکەیان بەسەر پاسکیلەکەیەوە دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو "دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە، بەشێکی زۆری قەل و قازەکان دەستیان بەسەردا گیراوە و پەیوەندی بەو کەسانەوە کراوە کە سکاڵایان هەبووە، ئەوانیش هەرکەس چووە قەل و قازی خۆی ناسیوەتەوە و بردوویەتییەوە".
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی: "رێگە نادەین کەس مافی بخورێت و گرنگە هاونیشتمانیانیش لە هەر کارێکی دزێو و نەشیاو پۆلیس ئاگادار بکەنەوە".
لەسەر هەمان بابەت، پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەسەر سكاڵای زیاد لە 20 هاووڵاتی و لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا ، کە قەل و قازی دزی بوو".
تۆمەتبارەکە ناوی (ش.ئـ.غ)ـە لەدایكبووی 1989یە، بەپێی مادەی 443ـی یاسای سزادانی عێراق، کە تایبەتە بە دزی دەستگیرکراوە.