رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی شاری قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، چوار فەرمانبەری دەروازەی سنووریی پەروێزخان بە تۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی پارە لە شۆفێران بە شێوەیەکی نایاسایی، دەستبەسەر کران و رەوانەی زیندان کران.
عەلی رۆستەمی، داواکاری گشتیی شاری قەسری شیرین ئێوارەی دووشەممە، 23ی کانوونی یەکەمی 2024 رایگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیارنامەی کۆبوونەوەی لێژنەی سنوورەکان سەبارەت بە رێگری لە کەسانی بەرژەوەندخواز، چوار کەس لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکران و رەوانەی دادگە کران.
عەلی رۆستەمی گوتی، ئەو کەسانە بە تۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی پارە بە شێوەیەکی نایاسایی لە شۆفێران دەستبەسەر کراون.
بە گوتەی رۆستەمی، ئەو کەسانە تاوەکو کاتی دادگەییکردنیان، بە بریاری دادوەر بە کەفالەت ئازاد کران.
داواکاری گشتیی شاری قەسری شیرین جەختی لەوە کردەوە، دەسەڵاتی دادوەری بە شێوەیەکی جیدی رووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە و بە تووندی مامەڵە لەگەڵ هەر کەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا دەکات، کە لە گەندەڵی تێوەگڵابێت.
دەروازەی سنووریی پەروێزخان یەکێکە لەو دەروازە سنوورییە گرنگانەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و بە پێی ئامارە فەرمییەکانی گومرگی ئێران، نزیکەی 45٪ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە دەکرێت.
بەپێی دوایین ئامارەکان، لە 9 مانگی رابردوودا زیاتر لە 2 ملیۆن و 49 هەزار تۆن کەلوپەل بایی زیاتر لە یەک ملیار و 181 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ