رێنوێنییەکانی خوێندنی دیپلۆم، ماستەر و دکتۆرا؛ ئەم کەسانە بە خۆڕایی دەخوێنن

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنوێنیی نوێى بۆ خوێندنی ماستەر، دکتۆرا و دیپلۆمى باڵا لە هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە. کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان و نابینا و کەمبیناش خوێندنیان بە خۆڕایی دەبێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێنمایی ژمارە 12ى ساڵى 2024ى تایبەت بە رێنمایی خوێندنى باڵا/ دیپلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى و دیپلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى کلینیکى پیشەیی و ماستەر و دکتۆرا لە هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە.
 
بۆ خوێندنی دیپلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی، زمانی ئینگلیزی و تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆس بۆ پێشکێشکردن مەرج نییە، واتە هەر خوازیارێک تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆسی لە 50٪ بەسەرەوە بێت مافی پێشکێشکردنی دەبێت، بەڵام بۆ خوێندنی ماستەر، مەرجە خوازیار تێکڕای نمرەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە 60٪ کەمتر نەبێت و مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی هەبێت، جگە لە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان.
 
بۆ خوێندنی دکتۆرا، مەرجە خوازیار تێکڕای نمرەی بڕوانامەی ماستەری ئەکادیمی 70٪ کەمتر نەبێت، هەروەها مەرجە خوازیار تێکڕای نمرەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی 60٪ کەمتر نەبێت، جگە لە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان کە رەچاوی مەرجی تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆس ناکرێت، هەروەها هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر کە دەکەونە یەکێک لەم دۆخەی خوارەوە:
 
- هەڵگرانی نازناوی هەمیشەیی زانستی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە.
 
- ئەو خوازیارانەی سەرجەم مەرجەکانی پێدانی نازناوی زانستییان بەپێی رێنماییەکانی پەیوەندیدار دەستەبەرکردووە، بەڵام فەرمانی نازناوی زانستییان پێنەبەخشراوە بەهۆی دانەمەزراندن یان کارکردن لە دەرەوەی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە یانیش هۆکاری دیکە.
 
هەر بەپێی رێنوێنییەکە، کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان وەک (کوڕ، کچ و هاوژینی)ی شەهیدانی سەنگەر، جینۆساید و زیندانیکراوانی سیاسی ئەگەر لە کورسی پارالێڵی دیپلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی، ماستەر و دکتۆرا وەربگیرێن، کرێی خوێندنیان لێ وەرناگیرێت.
 
خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی کوردستان (نابینا بە رێژەی 100٪ و کەمبینا بە رێژەی 90٪) ئەگەر نووسراوی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەبێت، بەخۆڕایی و لەسەر ئەستۆی زانکۆکان دەخوێنێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە