پارکێکی گەورە لە هەولێر دروست دەکرێت؛ "سەکۆی رۆمانی و یاریگەی باسکەی تێدایە"

رووداو دیجیتاڵ 

پارکێکی گەورە لە هەولێر دروست دەکرێت کە تایبەتمەندییەکەی لە زۆربەی پارکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان زیاترە. بۆ نموونە، یاریگەی باسکە و هۆڵی لەشجوانی تێدایە.
 
رۆژی سێشەممە، 24ی 12ی 2024، هیوا سلێمان، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەکە بە رووداوی گوت: "رووبەری پارکەکە زیاتر لە 116 هەزار مەتر دووجایە و دەکەوێتە نێوان گەڕەکی 32ی پارک و شەقامی خێرای 120 مەتریی هەولێر. پارکەکە ناوی رەشکینی لێنراوە."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پارکەکە، مانگی 5ی ئەم ساڵ دەست بە کارەکانی پارکەکە کراوە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 هەموو کارەکانی تەواو بکرێن.
 
لەبارەی تایبەتمەندیی پارکەکەوە، هیوا سلێمان گوتی: "نافوورەیەکی هاوشێوەی نافوورەکەی دووبەی بە رووبەری 6 هەزار مەتر دووجا تێدا دروست دەکرێت مەیدانێکی گەورەی هاوشێوەی مەیدانی رۆمانییەکانی تێدایە کە سەکۆی هەیە و 8 هەزار مەتر دەبێت. دوو یاریگەی باسکە و  هۆڵێکی لەشجوانیشی تێدایە". 
 
ئەمڕۆ ئالان حەوێز سلێمان، ئەندازیاری کشتوکاڵی لە ئەندازەی پارکەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەقامی راکردن و پاسکیلسواری بەدرێژایی هەزار و 600 مەتر لە پارکی رەشکین دروست دەکرێت. پارکەکە نزیکەی 36 هەزار مەتر رێڕەو و 62 هەزار چیمەنی هەمیشەسەوز لەخۆدەگرێت."
 
ئالان حەوێز دەشڵێت، "نزیکەی 16 هەزار داری گەورە و بچووک لە پارکەکە دا دەچێنرێن؛ بە گوڵەوە دەبێتە زیاتر لە 20 هەزار گوڵ، نەمام و دار."
 
هیوا سلێمان روونیکردەوە، "دوو دەروازەی گەورە بۆ پارکەکە دروست دەکرێن. یەکێکیان 26 مەترە کە ئاڵای کوردستانی لەسەر هەڵدەکرێت، ئەوەی دیکەشیان 12 مەترە."
 
ئەندازیار و بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەی پارکی رەشکین ئاماژەی بەوەشدا، "مزگەوتێکی مۆدێرنیش لە پارکەکە دا دەبێت."