رووداو دیجیتاڵ
پارکێکی گەورە لە هەولێر دروست دەکرێت کە تایبەتمەندییەکەی لە زۆربەی پارکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان زیاترە. بۆ نموونە، یاریگەی باسکە و هۆڵی لەشجوانی تێدایە.
رۆژی سێشەممە، 24ی 12ی 2024، هیوا سلێمان، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەکە بە رووداوی گوت: "رووبەری پارکەکە زیاترە لە 116 هەزار مەتر دووجایە و دەکەوێتە نێوان گەڕەکی 32ی پارک و شەقامی خێرای 120 مەتریی هەولێر. پارکەکە ناوی رەشکینی لێنراوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتییەی پارکەکە، مانگی 5ی ئەم ساڵ دەست بە کارەکانی پارکەکە کرا و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 هەموو کارەکان تەواو بکرێن.
لەبارەی تایبەتمەندیی پارکەکەوە، هیوا سلێمان گوتی: "نافوورەیەکی هاوشێوەی نافوورەکەی دووبەی بە رووبەری 6 هەزار مەتر دووجا تێدا دروست دەکرێت مەیدانێکی گەورەی هاوشێوەی مەیدانی رۆمانییەکانی تێدایە کە سەکۆی هەیە و 8 هەزار مەتر دەبێت. دوو یاریگەی باسکە و هۆڵێکی لەشجوانیشی تێدایە".
ئەمڕۆ ئالان حەوێز سلێمان، ئەندازیاری کشتوکاڵی لە ئەندازەی پارکەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەقامی راکردن و پایکیلسواری بە درێژایی هەزار و 600 مەتر لە پارکی رەشکین دروست دەکرێت. پارکەکە نزیکەی 36 هەزار مەتر رێڕەو و 62 هەزار چیمەنی هەمیشەسەوز لەخۆ دەگرێت."
ئالان حەوێز دەشڵێت، "نزیکەی 16 هەزار داری گەورە و بچووک لە پارکەکە دەچێنرێن؛ بە گوڵەوە دەبێتە زیاتر لە 20 هەزار گوڵ و نەمان و دار."
هیوا سلێمان روونیکردەوە، "دوو دەروازەی گەورە بۆ پارکەکە دروست دەکرێن. یەکێکیان 26 مەترە کە ئاڵای کوردستانی لەسەر هەڵدەکرێت ئەوەی دیکەشیان 12 مەترە."
ئەندازیار و بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەی پارکی رەشکین ئاماژەی بەوەشدا، "مزگەوتێکی مۆدێرنیش لە پارکەکە دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ