رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای چەولیگ ـی باکووری کوردستان، بەهۆی بەفربارین و سەهۆڵبەندابەوە پاسێک وەرگەڕا، بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکە بریندار بوون.
رووداوەکە، بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 24ـی کانوونی یەکەم) لە سنووری شارۆچكەی کانی رەش لەسەر رێگەی سەرەکیی ئەرزەڕۆم - چەولیگ روویدا.
پاسێکی نەفەرهەڵگر سەر بە کۆمپانیای جەسوور بینگۆل لە نزیک گوندی کومبەت، لەسەر ڕێگای نێوان ئەرزەڕۆم و چەولیگ لە رێڕەوی خۆی دەرچوو و وەرگەڕا.
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی پزیشکی و جەندرمە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران و بریندارەکان گوێزرانەوە نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شارۆچكەی کانی رەش، پاش چارەسەری سەرەتایی لەو نەخۆشخانەیە، بریندارەکان گوێزرانەوە نەخۆشخانەی دەوڵەت لە ناوەندی شاری چەولیگ.
ئەحمەد حەمدی ئوستا، پارێزگاری چەولیگ دوای رووداوەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پاسەکە 23 کەسی تێدابووە و "بەهۆی بەفربارین و سەرهۆڵبەندانەوە وەرگەڕا. بەداخەوە لە رووداوەکەدا دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکەش بریندار بوون."
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی دووەم، 571 هەزار و 132 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، لە ئەنجامیاندا دوو هەزار و 536 کەس گیانیان لەدەستداوە و 360 هەزار و 779 کەس بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ