پەروەردەی سنە: 34 هەزار کەسی تەمەن 10 بۆ 49 ساڵ نەخوێندەوارن

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای سنە، 34 هەزار کەس لەو پارێزگایە کە تەمەنیان لەنێوان 10 تاوەکو 49 ساڵ دایە، نەخوێندەوارن و توانای خوێندنەوە و نووسینیان نییە.
 
گوڵبەهار خوسرەوی، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای سنە بۆ کاروباری نەهێشتنی نەخوێندەواری، رۆژی 23-12-2023 گوتی "رەوتی نەهێشتنی نەخوێندەواری کەند و کۆسپی لەسەر رێگەیە، ئاماریکی راستەقینەی نەخوێندەوارەکان لەبەردەستدا نییە، نەخوێندەوارەکان بەربڵاون و بۆ دەستنیشانکردن، وەرگرتن و راهێنانیان، کێشە هەیە و خواستیان بۆ خوێندەواریی نییە." 
 
بەگوتەی گوڵبەهار خوسرەوی، لە دوایین مانگی هاوینەوە تاوەکو کۆتایی پاییز، خولەکانی فێرکاریی نەهێشتنی نەخوێندەواری بەڕێوەدەبەن، بەڵام "ئەم پرۆسەیە لە ئێراندا رووبەڕووی کێشە بووەتەوە و ماوەی خولەکان تاوەکو مانگێکی دیکەش درێژ کراوەتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی پەروەردەی پارێزگای سنە دەڵێت: ساڵی 1976ـی زایینی رێژەی 30.4٪ دانیشتووانی پارێزگای سنە خوێندەوارییان هەبوو، بەڵام ئێستا ئەم رێژەیە بووەتە 85٪، نزیکەی 87.8٪ خوێندەوارەکانیش دانیشتووی شارەکان و 77.1٪ـشیان دانیشتووی گوندەکانن.
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای هاتنە سەرکاری، دامەزراوەیەکی بە ناوی نەهێشتنی نەخوێندەواری دامەزراند، بۆ ئەوەی گەورەساڵان فێری خوێندەواری بکات، ئامانج ئەوە بوو لە ماوەی بەڕێوەچوونی پلانی پێنج ساڵی پەرەسەندنی ئێران، نەخوێندەواری بنبڕ بکرێت. بەرنامەی پێنجەمی ساڵی 2011 تاوەکو 2015 جێبەجێ بوو. 
 
بەڵام ئەو دامەزراوەیە سەرکەوتوو نەبوو. 50٪ فێرخوازەکان تاوەکو پۆلی یەک و دوو دەیانخوێند و  هەمیشە مەترسییان لەسەر بوو ئەوەی فێریی بوون، لە بیریان بچێتەوە، بە کردەوەش هەر وابوو، زۆر کەسیان خوێندەوارییەکەیان بیرچۆوە. بەتایبەت ئەو کەسانەی دوو زمانە بوون. 
 
لەم ساڵانەدا ژمارەی فێرخوازەکانیش لە کەمیی دابوو و پێشوازیی لێ نەدەکرا. ئەگەر لە ساڵانی پێشتردا ساڵانە یەک ملیۆن و 100 هەزار فێرخواز هەبووبن، ئێستا گەیشتووەتە 280 هەزار فێرخواز، واتە 75٪ کەمی کردووە.
 
چەند مانگ لەمەوبەر ئەحمەد نادری، پەرلەمانتار، گوتی: کۆمیسیۆنی پڕۆژەیاسای پلانی حەوت ساڵەی پەرلەمان، بڕیاری داوە رێکخراوی نەهێشتنی نەخوێندەواری هەڵبوەشێنێتەوە.
 
عەلیڕەزا عەبدی، سەرۆکی رێکخراوی نەهێشتنی نەخوێندەواری، رۆژی 25-08-2023 گوتی "لە کۆمەڵگەدا گۆڕانکاری روویداوە. ژمارەی نەخوێندەواران کەمتر بووەتەوە، پێویستە پلانێکی نوێش بۆ ئەم کەسانە دابنرێت، پلانەکەش ئێمە خێراترکردنەوەی پێ دەڵێین، پرۆژەیەکە، دامەزراوەی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکاتە رێکخەرێک بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری."
 
بەڵام جەبار کوچکی نەژاد، پەرلەمانتار رۆژی 26-08-2023 رەتیکردەوە دامەزراوەی نەهێشتنی نەخوێندەواری هەڵوەشابێتەوە و، گوتی: ئەرکەکەی دەگۆڕێت و بۆ خوێندن و کەڵک لە مامۆستایانی سەرەتایی وەردەگیرێت.