ئاو چووە نێو وێستگەی کارەبای دەربەندیخان و قایمقام دەڵێت: مەترسیی دروستکرد

24-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی بارینی بارانی زۆر و دروستبوونی لافاوەوە ئاو چووە نێو وێستگەی کارەبای قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی. بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای قەزاکە دەڵێت، "مەترسی لەسەر وێستگەکە و کارەبای هەرێمی کوردستان دروستبوو، بەڵام مەترسییەکان رەوێندرانەوە."
 
رۆژی یەکشەممە 24-12-2023 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "بەهۆى بارانبارینى زۆر و دروستبوونى لافاوەوە ئاو چووە نێو وێستگەی کارەباى دەربەندیخان. تیمەکانی کارەبا شەوی رابردوو بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی قایمقامی دەربەندیخان، شارەوانی، بنکەى ئاگرکوژێنەوە و بەنداو، رێڕەوی ئاوەکەیان گۆڕی و لە وێستگەکەیان دوورخستەوە، ئەو ئاوەشی چووبووە نێو وێستگەکە لابرا. ئەمڕۆ دوای لابردنی قوڕ و لیتەی نێو وێستگەکە و ئامێرەکانی، وێستگەکە کاری پێدەکرێت."
 
حەمید عەلى، بەڕێوەبەرى بەرهەمهێنانی کارەبای قەزای دەربەندیخان، لەبارەی رووداوەکەوە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بارینی بارانی زۆرەوە نزیکەی یەک مەتر و نیو ئاو چووبووە نێو وێستگەی کارەبای دەربەندیخان. ئاو بەشێکی زۆری کێبڵەکان و پەنەڵەکانی داپۆشیبوو و ئەوەش مەترسیی زۆری دروستکرد؛ ماتۆڕەکانیش کەوتبوونە ژێر ئاوەوە."
 
حەمید عەلی گوتی، "مەترسییەکە بە هاوکاریی دەزگاکانی دەربەندیخان لە قایمقامییەت و بەرگریی شارستانی کەمکرایەوە، دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکان خرانەگەڕ لەپێناو لابردنی ئاوەکە."
 
بەهۆی ئەو مەترسییەی هەبوو، بەپێی بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان و قایمقامی قەزاکە، کارەبای قەزاکە نەبڕا و کاریگەریشی لەسەر بڕینی کارەبای هەرێمی کوردستان نەبوو.
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مەترسیی زۆر لەسەر وێستگەکە هەبوو، چونکە ئەو ئاوەی بە تەنیشتی وێستگەکەدا دەڕوات هەمووی چووبووە نێو وێستگەکە. ئەو کارەبایەی لەوێ هەیە کارەبایەکی زۆرە؛ بۆیە داوا دەکەین کێشەکە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە