دادگەی بەرایی کەلار: بەکرێدانی شەقامەکان نایاساییە و گرێبەستی بەکرێدانیشی پووچەڵە

24-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی بەرایی کەلار، بڕیاری بەکرێدانی شەقامەکانی کەلاری بە نایاسایی لە قەڵەمدا و داوای ئەو کۆمپانیایەشی رەتکردەوە کە داوای قەرەبووکردنەوەی لە ژمارەیەک دووکاندار کردبوو بەهۆی ئەوەی نەیانهێشتووە ئۆتۆمبێل لە پێش دووکانەکانیان رابگیرێت. پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت، "بەپێی بڕیارەکەی دادگە، بەکارهێنانی شەقامەکان وەکو گەراجی راگرتنی ئۆتۆمبێل نایاساییە." 
 
بەپێی دەقی بڕیاری دادگەی بەرایی کەلار/2 لە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی کەرکووک/ گەرمیان کە رۆژی 21ـی ئەم مانگە نووسیویەتی، دادگە بەکرێدانی شەقامەکانی کەلار و بەکارهێنانی وەکو گەراجی ئۆتۆمبێل و پارکینگ رەتکردووەتەوە و ئەو بڕیارەش بە نایاسایی دەزانێت و ئەو گرێبەستەی شارەوانی کە لەگەڵ لایەنی دووەم کردوویەتی رەتکردەوە.
 
ئەو بڕیارە لەسەر سکاڵای بەڵێندەری پڕۆژەکە دراوە کە تێیدا داوایکردووە یەکێک لەو دووکاندارانەی ناڕازیبوون لە پڕۆژەکە، بە بڕی یەک ملیۆن و 50 هەزار دینار قەرەبووی بکات کە پارەی یەک ساڵی بەکرێدانی شەقامەکەی پێش دووکانەکەیەتی، بەڵام دادگە لە بەرژەوەندی سکاڵالێکراو بڕیاریدا، واتە دووکاندارەکە."
 
بەپێی دەقی بڕیارەکە "هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی بۆ بەکرێدانی ئەو شەقامانە نییە و بەکرێدانیان کاریگەریی لەسەر کڕیارەکان و دووکاندارەکان کە باج دەدەن بە حکومەت دروست دەکات. بۆیە جگە لەوەی بڕیارەکە قورسکردنی باری سەرشانی هاووڵاتیانە لە پێدانی پارە بۆ ئەو شەقامانە کە بۆ بەرژەوەندیی ئەوان دروستکراوە، هیچ دەقێکی یاسایی نییە و دژی ئازادی و مافە پارێزراوەکانی هاووڵاتیانە بەپێی دەستوور."
 
هەروەها هاتووە: "شارەوانی کەلار بۆ بەکرێدانی شەقامەکان پشتی بە یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی 2021 بەستووە، بەڵام لەو یاسایەدا هیچ باسێکی بەکرێدانی شەقامەکانی تێدا نییە. شەقام بۆ فرۆشتن و بەکرێدان نییە، بۆیە گرێبەستەکە پووچەڵە و نا یاساییە."
 
پارێزەر سۆران حوسێن، پارێزەری ئەو دووکاندارەی لەلایەن بەڵێندەرەکەوە سکاڵای لەسەر کراوە، رۆژی یەکشەممە، 24-12-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادگە لەبەرژەوەندیی ئێمە بڕیاریدا، لە راستیدا ئەو دووکاندارانەی ناڕازیبوون پێش دووکانەکانیان بکرێت بە شوێنی راگرتن و بەکرێدان بۆ ئۆتۆمبێل، 18 دووکاندارن. ئەو بڕیارەی دادگە تەنیا بۆ یەک دووکاندارە، ئەوانی دیکە ماون، بەڵام دادگەکە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە و نایاسایی ناساندنی پڕۆژەکە، چونکە بەکرێدانی شەقامەکان پێچەوانەی دەستوور و یاسایە بەتایبەت مادەکانی 15 و 17ـی دەستووری عێراق و ئازادی هاتوچۆ." 
 
ئەوەشی گوت بڕیارەکە هێشتا قۆناخی دیکەی ماوە و ئەگەری هەیە لەلایەنی سکاڵاکارەوە تەمییز بکرێتەوە، بەڵام بە گوتەی ئەو " هێشتا بڕیاری دادگە نازاندرێت چی دەبێت."
 
لە بڕیارەکە دادگە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار لەگەڵ لایەنێکی دیکە گرێبەستی کردووە بۆ ئەوەی بۆماوەی سێ ساڵ شەقامەکان بکرێن بە شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل بەرامبەر بە پارە و گرێبەستەکە لە 10ـی نیسانی 2022 دەستپێدەکات و 9ـی نیسانی 2025 کۆتایی پێدێت." هەروەها باسی ئەوەشکراوە کە ئەو دووکاندارانە زیانیان پێدەگات.
 
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، پەیامنێری رووداو گوتی، بەگوێرەی چەند تابلۆیەک کە لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر هەڵواسراوە لەمەودوا راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکە دەبێتە پارە، رۆژی دواتر سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، ئەو بابەتە تەنیا بۆ تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی تاقیکردنەوەیە و ناچێتە واری جێبەجێكردنەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە