رووداو دیجیتاڵ
بارانبارینی رابردوو ئاو و رووبارەکانی لە هەرێمی کوردستان بووژاندووەتەوە، تاڤگەی کانی ماران، دوای نزیکەی لە سەدەیەک تەنانەت بەر لە دەستپێکردنی زستان، تاڕادەیەک بووژاوەتەوە و دیمەنێکی ناوازەی بە نێوچەکە بەخشیوە.
خالید ئەحمەد،هاونیشتیمانییەکی ناوچەکەیە لەبارەی بارانبارین و بووژانەوەی رووبارەکان دەڵێت، "هیچ ساڵێک لەم کاتەدا ئەو ئاوە نەبووژاوەتەوە، هەموو ساڵێک 30 بۆ 40 رۆژ دوای چلەی زستان [سەرچاوەی] ئاوەکە دەتەقییەوە، من ئەمڕۆ دڵم هەندی گەلی عەلی بەگ کراوەتەوە کە ئەو ئاوەم بینی، ئەگەر ئاو نەبێت ئاوەدانیش نابێت."
بە تەنیا کانی ماران نا بەڵکو لە ناوچەکە چەندین تاڤگە و کانیاوی دیکە تەقیون، ئاوەکانیان تێکەڵ بە شەپۆلەکانی رووباری گەلی عەلی بەگ دەبن.
ئەو کەسانەی سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن، دەوەستن لەلای رووبارەکە و وێنەی لەگەڵ دەگرن، دوو شت سەرنجی سەردانیکەرانی راکێشاوە یەکێکیان جوانی تاڤگەکانە، دووەمیان تەقینیانە لەو کاتەی ساڵدا کە ئاماژەیە بۆ نەمانی وشکەساڵی.
موقبیل فایەق، بەرپرسی بەشی کەشناسی لە کشتوکاڵی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو بارانێکی زۆر باریوە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە ساڵی رابردوو رێژەکە دوو هێندەیە، بەو جۆرە باران بەردەوام بێت مەترسیی وشکەساڵی زۆر کەمدەبێتەوە."
لە چیاکانی سنووری سۆران بەفر دەبارێت، لە سەنتەری شاریش بارانی بەردەوام، پیشبینی دەکرێت بۆ سەری ساڵ چیاو شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکە قەرەباڵخ ببن.
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران ئاماژەی بەوەکرد، "پیشبینی دەکەین لە پشووی سەری ساڵ و جەژنی سەری ساڵ گەشتیاریی زۆر بێنە دەڤەری سۆران، چونکە ناوچەی گەشتیاریی گرنگی تێدایە، پیشبینی دەکرێت بەفر ببارێت بۆیە ناوچە گەشتیارییەکان لە ئامادەیی تەواودان بۆ پیشوازی لە گەشتیاران."
لە ماوەی 48 کاژێری رابردوو، نزیکەی 40 میلیم بارانباریوە و کۆی بارانبارینی ئەم ساڵیش لە سنوری سۆران گەیشتە 260 میلیم باران و رێژەکە دوو هێندەی ساڵی رابردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ