پەیامی پیرۆزبایی مەسرور بارزانی بەبۆنەی جەژنی کریسمس و لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی کریسمس و لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح، پیرۆزبایی لە کریستیانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و دەڵێت، پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە دووپاتدەکەینەوە"
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە، 24-12-2023، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا لەگەڵ پیرۆزبایی لە سەرجەم کریستیانانی کوردستان، عێراق و جیهان، هیوای خواست رۆژانی جەژن لە خۆشی و شادی ئارامیدا بەسەرببەن. 
 
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، "لەم بۆنە پیرۆزەدا، پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و و پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان دووپات دەکەینەوە.
 
بە گوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پیرۆزبایی جەژنی کریسمس و لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت) لە کریستیانەکان دەکات و هیوای خواست "هەمیشە لە شادیدا" بن. 
 
چەند رۆژێکی دیکە جیهان ماڵئاوایی لە ساڵی 2023 و پێشوازی لە ساڵی 2024ـی زایینی دەکات. نزیکەی دوو ملیار و 140 ملیۆن کریستیانی رۆژئاوایی و بەشێک لە کریستیانە رۆژهەڵاتییەکان، 25ـی کانوونی یەکەم بە رۆژی کریسمس یان رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا (د.خ) دادەنێن. 
 
کریستیانەکانی جیهان بە گشتیی شەوی پێش کریسمس یان لە رۆژی کریسمس بۆ نزاکردن و گوتنەوەی سروودی ئایینیی تایبەت بە لەدایکبوونی مەسیح (د.خ) دەچنە کەنیسە.
 
لە نەریتەکانی دیکەی کریسمس بریتییە لە ئامادەکردن و هاوبەشیکردنی خواردنی تایبەت لە ئێوارەی 24 تاوەکو ئێوارەی 25ـی مانگ لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێیان کە دیارترینیان کێکی کریسمس و قەلی سوورکراوەن. 
 
کریستیانەکان هەروەها بەم بۆنەیەوە وەکو جەژنانە دیاریی بەیەک دەبەخشن. بەو هۆیشەوە، لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا بازاڕەکان دەبووژێنەوە. چاوەڕێدەکرێت بۆ ئەم کریسمسە هەر خێزانێک داهاتی مانگ و نیوێکی لە دیاری، خواردن، جوانکاری و ئامادەکارییەکانی دیکەی کریسمس خەرج بکات.
 
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (دروودی خوای لەسەر بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کریستیانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم لە خۆشی و شادی و ئارامیدا، رۆژانی جەژن و پشوو بەسەر ببەن.
 
لەم بۆنە پیرۆزەدا، پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە و و پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان دووپات دەکەینەوە.
 
جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە شادیدا بژین.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان