سامانە سرووشتییەکان: رێکارەکانمان بۆ هێنانی ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتە تەواو کردووە کە عێراق دەینێرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تائێستا یەک ملیۆن خێزان نەوتی سپییان پێدراوە کە دەکاتە 85%ی سەرجەم خێزانەکان. دەشڵێت، "هەموو رێکارەکانمان بۆ هێنانی ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتە سپییە تەواو کردووە کە عێراق بڕیاری ناردنی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان داوە و هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە بەگەڕخستووە."
 
رۆژی یەکشەممە 24-12-2023 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت لەگەڵ پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و سۆران و راپەڕین و زاخۆ بڵاوکردەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، "کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دوو تەوەرەی سەرەکیی تایبەت بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکان و میکانیزمی گونجاو بۆ خێرا دابەشکردنی ئەو نەوتەی بڕیارە لە عێراقەوە بنێردرێت، کە زۆر دواخراوە و بڕەکەشی کەمە، لە کاتێکدا تائێستا زیاتر لە یەک ملیۆن خێزان لە نەوتەکەی هەرێمی کوردستان سوودمەند بوون و دەکاتە رێژەی زیاتر لە 85%ی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان."
 
هەروەها ئەوەش هاتووە، "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەموو رێکارەکانی بۆ هێنانی ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتە تەواو کردووە، کە عێراق بڕیاری ناردنی بۆ پارێزگاکانی کوردستان داوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەموو هەوڵەکانی بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بەگەڕخستووە."
 
رۆژی چوارشەممە 20-12-2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و راسپاردەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی پەسند کرد بۆئەوەی نەوتی سپیی ماڵان بە هاووڵاتییانی کوردستان بە نرخی 250 دینار بۆ هەر لیترێک بدرێت، کە لە 1ی کانوونی یەکەمی 2023وە دەستپێدەکات و چوار مانگ بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2023 عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدای راگەیاند، "لە سێ هەفتەی رابردوو بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی ماڵان لەگەڵ بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، لەگەڵ وەزیری نەوت قسەمانکرد و پێشنیازەکەی پەسندکردین و بەرزکرایەوە بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق."
 
سەبارەت بە پێدانی کارەبا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێژەی پێدانی کارەبای پارێزگاکان بە شێوەیەکی یەکسا، دوای گفتوگۆکردن بڕیار درا تێست بۆ دابەشکردنی کارەبا بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان پارێزگاکان لە وەرزی بەهاری ساڵی داهاتوو بکرێت و کارەبای بەردەوامیش تەنیا بۆ نەخۆشخانە و فرۆکەخانە و پڕۆژەکانی ئاو و گرتووخانەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکان بێت."
 
سەبارەت بە نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر کەرتی کارەبا کۆبووەوان وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە رێککەوتن" پارێزگاکان سەرپشک بکرێن بە هاوکاری لەگەڵ تیمەکانی کارەبا دەست بە هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر کارەبا و کارەبا بەردەوامەکان بکەن، ئەوانەی کارەبای بەردەوام نایانگرێتەوە، ماوەکانیشی کەم دەکرێتەوە."
 
سەبارەت بە سیستەمی پریپەیدیش هاتووە" کارەبایەکی باش بۆ هاوڵاتیان گەڕاوەتەوە و بە یەکێک لە پرۆسە پێشکەوتووەکان دادەنرێت، بۆیە پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە بەردەوام دەبێت."
 
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا خواست لەسەر کارەبا بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمتر دەبنەوە؛ ئەوەی پێویستیی هاونیشتمانییان پڕدەکاتەوە موەلیدە ئەهلییەکانن، کە بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، زیاتر لە پێنج هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.