دارستانێکی سنەوبەر لە زاوێتە تەمەنی 200 ساڵە و خۆڕسکە

رووداو دیجیتاڵ 

دارستانی سنەوبەر لە ناحیەی زاوێتە لە دهۆک، بە دووری حەوت کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری دهۆک، یەکەم دارستانی خۆڕسکی دار سنەوبەرە لە هەرێمی کوردستان.
 
مام حوسێن زاوێتەیی، زیاتر لە 50 ساڵە چاودێریی ئەو دارستانە دەکات و دارەکانی دەپارێزێت. ئەو، گرنگیی بە هەموو لایەنە ژینگەییەکانی دارستانەکە دەدات بۆ ئەوەی بەردەوام سرووشتی ناوچەکەی دڵگیر بمێنێتەوە.
 
حوسێن زاویتەی، موختاری زاویتە دەڵێ "نەک هەر ئێمە، بەڵکو هەموو خەڵکی گوندیش ئاگاداری دارستانەکەن و ناهێڵن زیانی بەربکەوێت." 
 
رووبەری دارستانەکە دوو هەزار و 352 دۆنمە و تەمەنی زیاتر لە 200 ساڵە، دارستانەکە پڕە لە داری گەورە و بەتەمەنی سنەوبەر؛ هەر دارێکیش بەشی پێنج کەس ئۆکسجین بەرهەمدەهێنێت.
 
لایەنی پەیوەندیدار، هەوڵدەدەن بە هەموو رێگەیەک رێگری لە بڕین و لەنێوبردنی ئەو دارستانە بکەن. 
 
هشیار دۆسکی، بەڕێوەبەری بەشی دارستان لە بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی دهۆک بە رووداوی گوت "جوانیی دارستانەکە لەوەدایە سەرنجی مرۆڤ بۆخۆی رادەکێشێت، بەتایبەتی لە بواری گەشتیارییەوە، ئێستا ئەگەر بڵێن زاوێتە، واتا شوێنێکی گەشتیاریی بە خەیاڵتدا دێت."
  
هشیار دۆسکی باس لەوەش دەکات، هاونیشتمانییانی کریستیان بەتایبەتی لەکاتی جەژنی کریسمس و سەری ساڵ، داخوازییان لەسەر داری سنەوبەر زۆر دەبێت، دەڵێ "ئێمە لە شوێنێک شتڵی سێ ساڵی و چوار ساڵییان دەدەینێ، کە کاریگەریی لەسەر دارستانەکە نەبێت."
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەری ساڵ، لە هەرێمی کوردستاندا لە هەندێک شوێن و لە سەرانسەری ماڵی هاونیشتمانییانی کریستیان، داری سرووشتی و هەندێکجار داری دەستکردی سنەوبەر دەڕازێنرێنەوە.