کەنیسەی مار قەیوم لە بەرواری باڵا بە یەکێک لە کۆنترین کەنیسەکانی دهۆک دادەنرێت

24-12-2022
حەیدەر دۆسکی
کەنیسەی مار قەیوم
کەنیسەی مار قەیوم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە کۆنترین کەنیسەکانی ناوچەی بەرواری باڵا لە دهۆک کەنیسەی مار قەیومە، ئەو کەنیسەیە لەبەردەم بەردێک و بەنداوێک لە گوندی دۆرێ دروستکراوە. کەنیسەکە چەندین جار وێران بووە و ئاوەدانکراوەتەوە. ئێستا بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاوە چۆڵ بووە.
 
دوایین جار کەنیسەی مار قەیوم لە ساڵی 1999 نۆژەنکرایەوە. تاوەکو ئێستا چیرۆکی دروستکردنی کەنیسەکە نازانرێت، بەڵام بە گوتەی مام سەعدۆ کە بە تەمەنێکی خەڵکی گوندەکەیە، کەنیسەکە بە ناوی قەشە مار قەیوم ناونراوە و نازانرێت ئەو قەشەیە لە کوێوە سەردانی ئەو دەڤەرەی کردووە.
 
سەعدۆ بەرواری، خەڵکی گوندی دوورێ لە سنووری بەرواری باڵا بە رووداوی گوت، "میر هەبوو لە کەلی دوورێ. کاتێک ئەم کەنیسەیە دروستکراوە، ئەو میرە ئاوەدانی کردووە، میر خودێدا دروستیکردووە، بەردێکیش لەوبەر هەیە و پێی دەڵێن 'بەردی ئەسپ'. میر سواری ئەسپەکەی بووە و هاتووەتە سەر ئەو بەردە، کوڕەکەی نەخۆش بوو.. گوتی کوڕەکەم نەخۆشە و ئەگەر چاکی بکەیتەوە، ئەوا خانوویەک بە ناوی تۆوە لەوێ دروست دەکەم."
 
کەنیسەکە لە دوو نهۆم پێکدێت و سەرکەوتن بۆ نهۆمی دووەم شارەزایی پێویستە، چونکە لە شێوەی دروستکردنی کەنیسەکەوە دەرکەوێت کە ئەوانەی دروستیان کردووە و لەوێ ژیاون، بەردەوام بیریان لە مەترسی کردووەتەوە.
 
دوایین شانەدێر کە لە کەنیسەی مار قەیوم کراوە، پێش 10 ساڵ بووە و بە تەمەنەکانی گوندەکەش باس لە جوانییەکەی دەکەن.
 
بنیامین دووری، خەڵکی گوندی دوورێ لە دەڤەری بەرواری باڵا ئاماژە بەوە دەکات، "دوای جەژنی گەورە 'جەژنی قیامە' بە هەفتەیەک شانەدێری ئەو بوو. هەموو ساڵێک دەهاتین، بگرە لە دەڤەری نێروە و رێکان تاوەکو دەچێتە چەلکێ" خەڵک سەردانی ئەو کەنیسەیەیان کردووە.
 
بەهۆی نەبوونی رێگەی ئۆتۆمبێل بۆ گەیشتن بە کەنیسەکە، خەڵکی گوندەکە ترسیان لەوە هەیە کە دوای نەمانی ئەو بەتەمەنانە، کەنیسەکە پشتگوێ بخرێت. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە