سەرەتای ساڵی داهاتوو بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانس دەبەستێت

24-12-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە سەرەتای ساڵی داهاتوو دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی ببەستێت و سەرجەم ئەو کەسانەی لە بزووتنەوەکە زوویر بوون، رۆڵێکی بەرچاویان دەبێت لە کۆنفرانسەکە و بڕیارە گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت. 
 
رۆژی شەممە 24-12-2022، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دوایین کۆبوونەوەی ئاسایی ساڵی 2022ی کرد، دوای کۆبوونەوەکە بزووتنەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ کراوە لەبارەی دۆخی سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، دوایین ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی و پڕۆسەی ئاشتەوایی و خۆڕێکسختنەوە و بەخۆداچوونەوە.
 
بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بە دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی داوە و دەڵێت، "لیژنەی باڵای کۆنفرانس و دەستەی هاوئاهەنگی راپۆرتەکان زۆرینەی کارەکانی کۆنفرانسیان تەواوکردووە و لە نزیکترین کات هەنگاو بەرەو بەستنی کۆنفرانس دەنێرێت." 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بە ئاشتکردنەوەی ئەو کەسانە کردووە کە لە بزووتنەوەکە ناڕەزاین و دەڵێت: "پێشوازی لەو هەوڵە خەمخۆرانە دەکەین کە بۆ ئاشتەوایی و بەیەکەوە کارکردن نراوە لەلایەن هەموو ئەو کەسایەتی و هەڵسووڕاوانەی پێشتر لەناو گۆڕان خزمەتیان کردووە و ئێستا لەبەر هەر هۆکارێک ناڕازین لە شێوازی بەڕێوەبردن و لە دەرەوەی پەیکەریی رێکخراوەین." 
 
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە سەرەتای ساڵی داهاتوو دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی ببەستێت و سەرجەم ئەو کەسانەی لە بزووتنەوەکە زوویربوون و ئێستا کار ناکەن، رۆڵێکی بەرچاویان دەبێت لە کۆنفرانسەکە و بڕیارە گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت. 
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوەکەیان پێشتگیری لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتن نراون بۆ ئەوەی لەسەر بنچینەی دەستووری عێراق کێشەکانی وەک بەشداریکردن لە بڕیاری سیاسی، پرسی خاک، دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان، پرسی پێشمەرگە، دارایی و وزە چارەسەر بکرێن، بەشێوەیەک کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی جێبەجێبکرێت و دەستەبەری شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران بکرێت. 
 
بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "پێویستە حیزبە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆیەم، هێز و وزەی خۆیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک سەرف بکەن، نەک خەڵک بە کێشە حیزبییەکانی خۆیانەوە سەرقاڵ بکەن." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە