موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی: ئەگەر گازمان بەنرخی پاڵپشتیکراو بدەنێ‌ ‏نیوەی نرخی ئێستا پارە وەردەگرین


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان گازیان بە نرخی پاڵپشتی بداتێ‌، نیوەی ‏نرخی ئێستا پارە لە خەڵكی وەردەگرن. دەشڵێت، لە سبەی ‏یەكشەممەوە گۆڕانكاری لە پێدانی كارەبا دەكەن ‌و بەیانیان كارەبای ‏موەلیدە نابێت. 
 
تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی بە ‏‏تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەندیین جار داوایانكردوە وەک هێڵی ‏پاسەكان سووتەمەنیان بە نرخی پاڵپشتیکراو بدەنێ‌، بەڵام وەڵامیان ‏نەدراوەتەوە. 
 
ئێستا خاوەن موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی یەك لیتر گاز بە 1000 دینار دەكڕن، تاریق سەمین دەڵێت: ئەگەر پاڵپشتیمان بكەن و حكومەت بە 500 دینار گازمان بداتێ‌، ئێمەش ‏ئەو كاتە نیوەی نرخی ئێستا وەردەگرین. پێویستە حكومەت ئەوە بۆ ‏ئێمە ‌و خەڵک بكات، جگە لەوە ئێمە وەك موەلیدە ئەهلییەكانی ‏سلێمانی كارەبای مزگەوت ‌و دامودەزگا حكومییەكان بەبێ‌ بەرامبەر ‏دەدەین. 
 
سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی باسی لەوەش كرد: ‏لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی لە رۆژی ‏یەكشەممە 25-12-2022ـەوە، گۆڕانكاری لە پێدانی كارەبا دەكەن و تاوەكو تەواوبوونی پشووەكان، بەیانیان كارەبا نادەین و لە ‏كاژێر 11:00 پێشنیوەڕۆ تاوەكو كاژێر 01:00ی بەرەبەیان، هەر كاتێك كارەبای ‏نیشتیمانی نەبوو كارەبای موەلیدە دەبێت. 
 
لە شاری سلێمانی 545 موەلیدەی ئەهلی هەن، ئەم مانگە تائێستا ‏لە شەو و رۆژێکدا نزیكەی 10 كاژێر كارەبایان داوە، قازانجی موەلیدە ئەهلییەكان ‏بەپێی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی بۆیانی دیاریكردووە، بۆ هەر ئەمپێرێك لە کاژێرێکدا 5 دینارە.