کەشناسی: زۆرترین باران لە خانەقین و خورماتوو باریوە


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 12 کاژێردا زۆرترین باران لە قەزاکانی خورماتوو و خانەقین باریوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە شەوی رابردوو بڵاویکردووەتەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 12 کاژێری رابردوودا زۆرترین باران لە خورماتوو باریوە کە 10.3 ملیمەتر بووە؛ هەروەها لە خانەقین 9 ملیمەتر، کەرکووک 3.5 ملیمەتر و لە کەلاریش 1.2 ملیمەتر باران باریوە.
 
رۆژی شەممە، 24-12-2022، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەدوای راگەیاندنی ئامارەکەی کەشناسییەوە زۆرترین باران باریوە. لە کاژێر 05:00 ئێوارەی دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ بەبێ وەستان لە خورماتوو، کەلار، خانەقین، باوەنوور و بەشێکی زۆری ئیدارەی گەرمیان بەبێ وەستان بارانێکی زۆرباش باریوە و دەبارێت".
 
ئەو کەشناسە گوتیشی، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تاوەکو رۆژی یەکشەممە دەمێنێت و بە لاوازی بەشێکی سنووری پارێزگای سلێمانیش دەگرێتەوە.

 

 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین لە ناوچەکانی خورماتوو، خانەقین، کەرکووک و گەرمیان بەردەوام دەبێت و "شەپۆلێکی بەفربارینیش لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەبارێت و پلەی گەرما لەو سنوورە (4-6) پلە نزم دەبێتەوە بەراورد بە پلەی گەرمی رۆژی هەینی".
 
سەبارەت بە هەولێر و دهۆک، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو بێت لەگەڵ ئەگەری کەمێک نمەباران. بە گشتی شەپۆلەکە تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.