رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی 24-12-2021 لەلای کریستیانە کاسۆلیکەکان جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسایە، بەشێک لە کریستیانەکان بەر لە رۆژی کریسمس 40 رۆژ بەڕۆژوو دەبەن و بەشێکیان 13 رۆژ درەنگتر ئاهەنگی لەدایکبوونی مەسیح دەگێڕن.
کریستانەکان بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی رۆژی کریسمس هەیە بەڵام زۆربەیان لەسەر ئەوە کۆکن ئەمشەو جەژنی کریسمس و لە دایکبوونی عیسایە. کاسۆلیکەکان بەپێی رۆژمێری زایینی 25ی مانگ و ئەرسەدۆکسەکان بەپێی رۆژمێری جولیان 13 رۆژ دواتر جەژنی لەدایکبونی مەسیح دەگێڕن.
کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان نەریتی تایبەت بە خۆیان بۆ جەژنی کریسمس هەیە. ئەوان ئەمشەو لە کەنیسە یادی کریسمس دەکەنەوە و نزا بۆ ساڵێکی باشتر دەکەن. کریستیانەکان رۆژی شەممە 25-12-2021 بە بۆنەی جەژنی کریسمس سەردانی یەکدی دەکەن و خواردنی تایبەت ئامادە دەکەن.
لە باشووری کوردستان نزیکەی 300 هەزار کریستیان دەژین لە نەتەوەکانی ئەرمەن، کلدان، سریان و ئاشوورن. جگە لە عەنکاوە کە ناوەندی کریستیانەکانی کوردستانە، زۆربەی کریستیانەکان لە شەقڵاوە، کۆیە، دهۆک و زاخۆ دەژین و 270 کەنیسەیان هەیە.
ئەم وێنانە رێوڕەسمی نوێژی قوداسی کریستیانەکانە بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا مەسیح لە کەنیسەی ئوم نوور لە عەنکاوەی هەولێر.