ئاژەڵدارانی کەرکووک 162 مەڕ و بزنیان بەخشییە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر

24-12-2021
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
بەشێک لەو مەڕانەی بەخشرانە زیانلێکەتووانی لافاوەکەی هەولێر. وێنە: رووداو
بەشێک لەو مەڕانەی بەخشرانە زیانلێکەتووانی لافاوەکەی هەولێر. وێنە: رووداو
نیشانەکردن لافاو لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییانی دانیشتووی ناحیەکانی شوان و شێخبزێنی لە سنووری کەرکووک، 162 سەر ئاژەڵیان کۆکردەوە و بردیان بۆ پێنج هاونیشتمانیی دانیشتووی دارەتوو لە هەولێر کە لافاو ئاژەڵەکانیانی بردبوو و زیانێکی زۆریان پێگەیشت بوو. 
 
هێرش مستەفا، خەڵکی گوندی قولی بەگی سنووری شوانە و خاوەنی بیرۆکەی کۆکردنەوەی هاوکارییەکەیە، ئەو دەڵێت، "بەیانییەک دانیشتم و مەڕەکەم کردە دەرەوە بیرم کردەوە و گوتم خودایە ئەم ماڵ و سەروەتەت داوەتە ئێمە، ئەی ئەو پیاوە جەرگی سوتاوە و ئاژەڵی فەوتاوە، ئێمە با لەنێو ئەم خزمانە کۆمەکێک بکەین، هەر نا کەمێک لە خەمەکەی کەم بکەینەوە، من دامنابوو ئەوپەڕی 30 بۆ 40 ئاژەڵێک کۆدەکەینەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا لە 150 تێپەڕی".
 
لەگەڵ ئاگاداربوونەوەی خەڵک کەمپینەکە زیاتر فراوانبوو، لە دوایین وادەی بارکردنی مەڕ و بزنەکان بۆ ئەوەی رەوانەی هەولێر بکرێن، زیاتر لە 150 مەڕ و بزن کۆکرانەوە.
 
ئەبوبەکر سەعید، خەڵکی گوندی جەوەجەوە دەڵێت، "کارەسات بوو لەلایەک مەڕەکانی ئاو بردی لەلایەک جەرگی سوتا، ئەی ئێمە موسوڵمانین و خۆمان بە پیاو دەزانین و خۆ ئێمە هەر نایناسین".
 
بەشێک لە بەشداربووانی کەمپینەکە لەگەڵ کاروانەکە بەڕێکەوتن، لە یەکەم بڵاوکردنەوەی کەمپینەکە لە رووداوەوە گوندنشینانی دیکەش پەیوەندییان بە رێکخەرانی کەمپینەکەوە کرد و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بەشداربن. تا دەهات ژمارەکە زیاتر دەبوو، لە دوایین وێستگەدا لە دێگەڵە 162 مەڕ و بزن بارکران و رەوانەی هەولێر کران.
 
لە بازگەی دێگەڵەش کارئاسانی بۆ خەڵکەکە کرا و پێشوازی لەو دەستپێشخەرییەیان کرا.
 
کاروانی ئاژەڵەکان گەیشتە ناحیەی دارەتوو، مام نامیقی جەرگسووتاو کە کوڕێکی لە لافاوەکەدا خنکا، بەو دەستپێشخەری و بەدەمەوەچوونەی خەڵک ئاهێکی بە بەردا هاتەوە.
 
نامیق سامل، ئەو پیاوەی کوڕێکی لە لافاوەکەدا خنکا دەڵێت، "ئەو روحییەتی موسوڵمانێتییە، ئەو روحییەتە لە ئیمانەوەیە، هاوکارییەکی چاکبوو، زۆر بوو، باش بوو، تەنیا بۆ من نا حەقی وایە دەوروبەری هەولێر و ناوچەکانی دیکەش چاو لە کەرکووک و شوان و شێخبزێنی بکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە