لە قەرەقووش ژمارەیەک سانتاکلۆس هەوڵی دڵخۆشکردنی کریستیانەکان دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
قەرەقووش شارۆچکەیەکی زۆرینە کریستیان نشینە لە دەشتی نەینەوا. هێشتا زۆربەی دانیشتووانی قەرەقوش نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و شارەکە بە تەواوی ئاوەدان نەکراوەتەوە، بەڵام ژمارەیەک گەنجی شارۆچکەی قەرەقووش بە جلوبەرگی سانتاکلۆسەوە بە نێو بازاڕ و کۆچە و کۆڵانەکانی شارۆچکەکە دەگەڕێن و بە سەماکردن و گۆرانی گوتن هەوڵی دڵخۆشکردنی خەڵک دەدەن.
رانی باسم، هاووڵاتییەکی کریستیانی قەرەقووش دەڵێت: "خەڵکی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. بەراورد بە ژمارە راستەقینەکە رەنگە نیوەی خەڵکەکە گەڕابنەوە، بەشێکی زۆریان چوونەتە دەرەوە. ئەوانەی ماونەتەوە رەنگە40%یان گەڕاونەتەوە. پێشتر کە ئاهەنگمان دەگێڕا زۆر قەرەباڵخ بوو تەواوی خەڵک بەشدارییان دەکرد".
ژیان هێشتا بە تەواوی نەگەڕاوەتەوە بۆ قەرەقوش لەو کاتەوەی لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوو. ئێستاش ترسی میلیشیاکان و هەڕەشەکان بەردەوامن.
نادر دەکۆ، قەشە لە کاتدرائی جۆزێف گوتی: "پێمانوایە بەشێوەیەکی رێژەیی ئاسایش لە عێراق بەرقەرارە. بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش ماڵ و موڵکی کریستیانەکان کە سیمبۆلی بێدەسەڵاتین لە عێراق، لەلایەن میلیشیا و گەندەڵ و جەردەکانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و چۆڵی ناکەن. تەنانەت رێگای یاسایی و سکاڵاش دادت نادات و هیچ شتێکیان پێناکرێت بۆ ئەوەی مافەکەت بگەڕێننەوە".
سەرەڕای ئەمەش، کریستیانەکان هیوا دەخوازن ئاشتی و تەبایی بەرقەرار بێت. نوور نایکر، هاووڵاتییەکی کریستیانی ناوچەکە دەڵێت: "هاتووین پێداویستییەکانی کریسمس بکڕین. هیوادارین ساڵی نوێ ببێتە ساڵی سەقامگیری و ئاسایش بەرقەرار بێت بۆ هەموو عێراقییەکان. ئومێد دەخوازم ئاهەنگەکان بەخۆشی تێپەڕن و لە کۆرۆنا رزگارمان بێت و ژیان بگەڕێتەوە دۆخە سرووشتییەکەی جاران".
لە عێراقی پێش 2003 مەزندە دەکرا ژمارەی کریستیانەکان نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس بێت، کەچی بەگوێرەی ئاماری خودی کریستیانەکان، کەمتر لە 250 هەزار کریستیان لە عێراق و کوردستان ماونەتەوە.