گەڕانەوە بۆ باوەشی دایک؛ رووداو پاش 20 ساڵ گەنجێکی ونبوو بە کەسوکاری شاددەکاتەوە

 
رووداو - وان

 

گەنجێکی خەڵکی هەولێر دوای ئەوەی 20 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی کێشەیەکەوە ماڵ جێدەهێڵێت، بێسەروشوێن دەبێت و خێزانەکەی چارەنووسیان نەزانیوە، تۆڕی میدیایی رووداو دوای زیاتر لە مانگێک بەدواداچوون ئەو گەنجە لە تورکیا دەدۆزێتەوە و لەشاری وانی باکووری کوردستان بە دایکی شاددەکاتەوە. 
 
گەنجەکە ناوی جەنگی مستەفایە و لە تەمەنی 16 ساڵییەوە ماڵی بەجێهێشتووە، کەسوکارەکەی زۆر هەوڵیانداوە شوێنەکەی بدۆزنەوە، بەڵام هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتبوو. جەنگی دەڵێت، خۆیشی زیاتر لە 10 جار هەوڵی ئەوەی داوە کەسوکارەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام نەیتوانیوە.
 
جەنگی خاوەنی چوار برا و دوو خوشکە، دەشتی مستەفا برای جەنگییە و لەدوای هەواڵی دۆزینەوەی براکەی بە رووداوی گوت "ناتوانم بە وشە دەریبڕم چەندێک خۆشحاڵم و باوەڕمان نەدەکرد جارێکی دیکە ئەو برایەمان ببینینەوە، بەڵام سوپاس بۆ رووداو کە ئەو برا ونبووەمانی پێشادکردینەوە".

 

 

تۆڕی میدیایی رووداو ژیانی جەنگی دەکاتە بەڵگەفیلمێک، ناسر عەلی، پرۆدیوسەری بەڵگە فیلمەکە دەڵێت "16 ساڵە کاری رۆژنامەڤانی دەکەم، بەڵام چیرۆکی وەک ئەمە ناخهەژێنم نەبینیوە. لە ماوەی داهاتوودا تەواوی بەڵگە فیلمەکە بەناوی جەنگی ونبوو بڵاودەکەینەوە". 
 
باوکی جەنگی لە ژیاندا نەماوە، دەشتی دەڵێت، "باوکم زۆر ئومێدی بە دۆزینەوەی جەنگی هەبوو، هەموو جەژنێک چاوەڕوان بوو براکەم بێتەوە و بیبینێت". خێزانەکەی جەنگی لەکاتی ونبوونی پرسەیان بۆ داناوە و باوەڕیان وابووە کە نەماوە، براکەی دەڵێت "سوپاس بۆ رووداو وەکو ئەوەیە براکەم لە مردن گەڕابێتەوە ناومان". 
 
جەنگی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی منداڵیکی چوار ساڵانە. ماڵباتەکەی دەڵێن، بەهۆی نەبوون و کەمی هۆکارەکانی پەیوەندیکردن نەیانتوانیوە لەسەرەتادا زووتر بەشوێنیدا بگەڕێن.