ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، حیزبەکەی هەوڵێکی جیدی دەدات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. گوتیشی، ''یەکێتی بۆ پێکهێنانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن دەکات.''
ئەمڕۆ (یەکشەممە 24-11-2024)، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''دوای پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، قۆناخەکانی دەستبەکاربوونی پەرلەمان و گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت، دەستپێدەکەین.''
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، ئەمڕۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند دەکرێت و بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. ستران عەبدوڵڵا گوتی، ''بۆ پێکهێنانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەموو لایەنە براوەکان گفتوگۆ دەکەین و لیژنەیەکیش بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە.''
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، ''دانوستاندنی ئەمجارەمان تەنیا لەسەر پۆستەکانی حکومەت، کابینە و وەزیرەکان نابێت، بەڵکو لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی و شێوەی دەسەڵاتدارییە لە هەرێمی کوردستان.''
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، پارتی 39 کورسی، یەکێتیی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسیان بەدەستهێنا.
بەگوتەی ستران عەبدوڵڵا، یەکێک لە خاڵەکانی دانوستاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت، پۆستێکی جێبەجێکاری دەبێت، ''زۆر سرووشتییە و پێویستە ئەم روانگەیە کۆتایی پێبهێنرێت کە پۆستێک بۆ لایەنێکی دیاریکراو یەکلایی بکرێتەوە و دواتر دانوستاندن لەسەر بەرماوە بکرێت.''
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، حیزبەکەی پێیوایە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەکانی خۆی جێبەجێی بکات، دەبێت رۆڵێکی سەرەکیی لە حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا هەبێت؛ ''بۆیە یەکێتی هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت دەدات و هەوڵدانەکەشی جیدییە، ئێستا ماوەتەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دانوستاندنی لەسەر بکات.''
ستران عەبدوڵڵا گوتی: ''یەکێتی بۆ ئەوە دروست نەکراوە ئۆپۆزیسیۆن بێت، بەڵکو بۆ ئەوە دروست بووە کە بەشداریی کارای لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت.''
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنە براوانەی لەگەڵ ''راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانین'' لە هەرێمی کوردستان، دەتوانن هاوبەش بن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا.
هەوڵی یەکێتی لەکاتێکدایە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش لیژنەیەکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە براوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دروست کردووە. ستران عەبدوڵڵا گوتی، ''هەوڵدانی هێزێکی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەت، بە واتای سفرکردنەوەی هەوڵی هێزێکی سیاسیی دیکە نییە. ئەمە ململانێی سیاسییە و ئێمە دانوستاندنی خۆمان دەستپێدەکەین، پارتیش لەدەرەوەی ئەم پڕۆسەیە نییە، بەڵام ئیمتیازێکی تایبەتی پێ نادەین کە بڵێین تەنیا لەگەڵ پارتی دانوستاندن دەکەین.''
لەبارەی رۆڵی وڵاتانی هەرێمی لەپێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستاندا، ستران عەبدوڵڵا دەڵێ، ''هەوڵدەدەین وڵاتانی هەرێمی وەکو تورکیا و ئێران، لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا دۆستێکی باشی ئێمە بن، بەڵام گرنگترین بابەت ئەوەیە؛ هێزە سیاسییەکانی کوردستان بتوانن حکومەتێک پێکبهێنن، بەر لە پایتەختی هەر وڵاتێکی هەرێمی، لەگەڵ بەغدا پەیوەندییەکی باشیان هەبێت.''
18ـی تشرینى یەکەمی 2024 دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. 21ـی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ـی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 رۆژدا داوا لە پەرلەمانتارانی خولی نوێ بکات کۆببنەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا داوای نەکرد، پەرلەمانتاران دەتوانن لە 11ـیەمین رۆژ دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان، کۆببنەوە.