کۆمیسیۆن: ئەمڕۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند دەکرێت

24-11-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند دەکرێت و بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاربوو سێشەممەی رابردوو ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند بکرێت، بەڵام بەهۆی پڕۆسەی سەرژمێری و قەدەخەی هاتووچۆوە دواکەوت."
 
نەبەرد عومەر گوتی، "ئەمڕۆ ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەکرێت و لەگەڵ ناوی ئەندام پەرلەمانەکان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و داوا دەکرێت بە زووترین کات حکومەت پێکبهێندرێت."
 
18ـی تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. 21ـی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ـی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 رۆژدا داوا لە پەرلەمانتارانی خولی نوێ بکات کۆببنەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا داوای نەکرد، پەرلەمانتاران دەتوانن لە 11ـەمین رۆژ دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان کۆببنەوە.
 
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا پارتی 39 کورسی، یەکێتیی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسی بەدەستهێنا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە