رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پێشووتری تورکیا ستایشی سەرۆک بارزانی دەکات.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە کە پێشتر وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بووە، رۆژی یەکشەممە 24-11-2024 لە نووسینێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ستایشی سەرۆک بارزانی کرد.
دوای ئەوەی سەرۆک بارزانی لە گوتارێکیدا رایگەیاند، ئەوەی پێیوابێت بە "تیرۆر" دەتوانێت خزمەتی کوردستان و نەتەوەی کورد بکات، خیانەتێکی گەورەیە لە کوردستانی دەکات، ئەحمەد داودئۆغڵو وەڵامی دایەوە و ستایشی کرد.
داودئۆغڵو لە نووسینەکەدا دەڵێت: "بەڕێز مەسعود، ئەو بۆچوونانەی لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانمان بەوپەڕی راستگۆیی و راشکاوی دەیخستنەڕوو، ئێستاش بۆ رای گشتی بە هەمان شەفافیەت و پێداگرییەوە دەیانخاتەڕوو. بەهۆی ئەو هەڵوێستەی لە بابەتی تیرۆر هەیەتی، پیرۆزبایی لێدەکەم و پێزانینم بۆی هەیە".
داودئۆغڵو لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەدا دەڵێت:"رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی بێ تیرۆر کە تەواوی خەڵکەکەی دەستیان لە نێو دەستی یەکدابێت، کلیلی سەقامگیریی هاوبەشی هەرێمی و ئاسوودەییە".
سەرۆک مەسعود بارزانی، رۆژی هەینی 22-11-2024 لە پێنجەم کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی دهۆک گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا رایگەیاند: ''زۆر گرنگە بۆ ئێمە وەکو کورد لە هەر کوێ بین، بە هیچ شێوەیەک نابێت رێگە بدرێت بە تیرۆر یان پەنا ببەینە بەر تیرۆر، ئەمە خۆکوشتنە بۆ نەتەوەکەمان، ئەوەی ئەم کارە بکات و پێیوابێت کە بە تیرۆر دەتوانێت خزمەتی کوردستان و نەتەوەی کورد بکات، خیانەتێکی گەورەیە لە کوردستان، بەر لەوەی خیانەت یان دژایەتیی لایەنێکی دیکە بکات".
ئەو بەشەی گوتەکانی سەرۆک بارزانی لە میدیای تورکیاشدا بڵاوکرایەوە و بووە رۆژەڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ