رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئاسال ASAL، بۆ توێژینەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و راپرسییەکان، ئەنجامی دوایین راپرسیی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کردووە و دوو پرسیار لەبارەی پەکەکە کردووە، بەپێی ئەنجامی راپرسییەکە 75.1%ی بەشداربووان پێیانوایە پەکەکە دەستبەرداری چەک نابێت.
یەکشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2024 کۆمپانیای ئادەم بۆ توێژینەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و راپرسییەکان ناسراو بە ئاسال (ASAL)، کە ناوەندەکەی لە مەلەتێ-ی باکووری کوردستانە و لقێکی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا هەیە، ئەنجامی دوایین راپرسیی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، ئەو بەشەی پەیوەندیی بە پەکەکە-وە هەیە، بڵاوکردەوە.
کۆمپانیاکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە رۆژانی (9 تاوەکو 17ی تشرینی دووەمی 2024) بە شێوەیەکی راستەوخۆ پرسیاریان لە 2015 کەس لە 26 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کردووە، "ئایا پێتانوایە پەکەکە دەستبەرداری چەک ببێت؟" لە وەڵامدا 75.1%ی بەشداربووان پێیانوایە پەکەکە دەستبەرداری چەک نابێت، 17.5%ی پێیانوایە بەڵێ پەکەکە دەستبەرداری چەک دەبێت و 7.4%یش وەڵامیان نەداوەتەوە.
هەروەها کۆمپانیاکە لە هاووڵاتیانی تورکیا و هاونیشتمانیانی باکووری کوردستانی پرسیوە، ئایا پەکەکە نوێنەرایەتیی کورد دەکات؟ لە وەڵامدا 90.1%ی بەشداربووان دەڵێن، پەکەکە نوێنەرایەتیی کورد ناکات، 3.7%ی بەشداربووان دەڵێن پەکەکە نوێنەرایەتیی کورد دەکات و 6.2%ی بەشداربووانیش وەڵامی پرسیارەکەیان نەداوەتەوە.
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە و سەرسەختانە دژایەتیی پەکەکە دەکات و بەشێکە لە هاوپەیمانیی حکومەت، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا داوای لە ئۆجەلان کرد، کە سزای زیندانیی تاهەتایی لەسەرە، بچێتە پەرلەمان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە رابگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ