پێنج هەزار کوردی ئێزدی قەرەبوو کراونەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

پێنج هەزار کوردی ئێزدی لە شنگال قەرەبوو کراونەتەوە؛ ئەم ساڵ بە گشتی زیاتر لە 200 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووانی نەینەوا خەرج کراوە.
 
رۆژی یەکشەممە 24-11-2024 رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ماوەیەک لەمەوبەر وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندیی دەربڕی لەسەر خەرجکردنی پارەی 5000 مامەڵەی قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزدی لە شنگال. 
 
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، زیانلێکەوتووان بەپێی ئەو زیانانەی پێیانکەوتووە، قەرەبوو کراونەتەوە.
 
هەر لەوبارەوە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، زیاتر لە 5000 کەس لە شنگال قەرەبوو کراونەتەوە.
 
ئەو کەسانە بەگوێرەی یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان بەهۆی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان، هەڵەی سەربازی و کردەوە تیرۆریسییەکان بە ژمارە 20ی ساڵی 2009، کە دوایین هەمواری ساڵی 2019 بوو، قەرەبوو کراونەتەوە.
 
بە گوتەی پارێزگاری نەینەوا، ئەم ساڵ لە نەینەوا بە کۆی گشتی 208 ملیار دینار وەکو قەرەبوو دابەشکراوە و 24 هەزار و 800 کەس لە نەینەوا لێی سوومەند بوون.