رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رۆژی قەدەخەی هاتووچۆدا، زیاتر لە 250 منداڵ لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەدایکبوون، کە زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆک بوو. بەپێی یاسای سەرژمێریش، ئەو منداڵانە لە سەرژمێریدا تۆمار ناکرێن.
یەکشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2024، مەتین جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، "106 منداڵ لە دوو رۆژی قەدەخەی هاتووچۆدا لە سنووری پارێزگاکە لەدایکبوون." گوتیشی، 65 منداڵیان کچ و 41یش کوڕن.
سامان لەتیف، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەنیا لە شاری سلێمانی لە دوو رۆژی قەدەخەی هاتووچۆدا، 89 منداڵ لەدایکبوون."
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتووە، لە هەردوو نەخۆشخانەی لەدایکبوون، ئافرەتان و نەخۆشخانەی عەتییەی ئیماراتی بۆ لەدایکبووان و منداڵان لە بەحرکە، لە رۆژی یەکەم و دووەمی سەرژمێریدا، 55 منداڵ لەدایکبوون، 26یان کوڕن و 29 یان کچ.
هاوکات مەحموود عوسمان، سەرپەرشتیاری جێبەجێکاری سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "بەپێی سیستمی جیهانی، کاژێرێک دیاری دەکرێت، لەدوای ئەو کاژێرە ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن لە سەرژمیری تۆمار ناکرێن. لە سەرژمێریی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ئەو منداڵانەی لە دوای کاژێر 12:00ـی شەوی 20ـی مانگ لەدایکبوون، ناویان تۆمارنەکراوە."
21 و 20ـی ئەم مانگە بەهۆی بەڕێوەچوونی قۆناخی دووەمی سەرژمێری، لە هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی بوو، لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەو دوو رۆژەدا قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا.
دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22-11-2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتی کرا، تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمارکرا و، بڕیارە تاوەکو 10ـی مانگی داهاتوو فۆرمی تۆماری خێزان پڕبکرێتەوە، کە تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە خێزانەکان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ