رووداو دیجیتاڵ
پێنج شاخەوان لە پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی هەرەسی بەفرەوە گیانیان لەدەستدا.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 24-11-2023، تەرمی ئەو پێنج شاخەوانەی لوڕستان دۆزرایەوە کە لە دوانیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممەوە لە زنجیرە چیای ئۆشتۆرانکووی ئەو پارێزگایە بە هۆی هەرەسی بەفرەوە بێسەروشوێن ببوون.
موحسین ئادینەوەند، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، تەرمی هەر پێنج شاخەوانەکە لە ژێر هەرەسی بەفر دەرهێندراوە و بە هێلیکۆپتەر گوێزراونەتەوە.
دوانیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە، گرووپێکی شاخەوانی کە لە 7 شاخەوانی خەڵکی پارێزگای لوڕستان و دوو شاخەوانی خەڵکی شاری مەلایری پارێزگای هەمەدان پێکهاتبوون، لە شاری دوروودەوە بەرەو زنجیرە چیای ئۆشتۆرانکوو بەڕێکەوتبوون تاوەکو بچنە سەر لووتکەی چیای سێن بۆران. سێن بۆران بەرزترین لووتکەی زنجیرە چیاکەیە و چوار هەزار و 100 مەتر بەرزە.
بە پێی هەواڵی میدیاکانی لوڕستان، لەگەڵ گەیشتنی ئەو گرووپە بۆ داوێنی چیاکە هەرەسی بەفر دروستبووە. چوار شاخەوان بە برینداری رزگار کراون و پێنجیشیان کەوتنە ژێر هەرەسەکەوە و ئەمڕۆ تەرمەکەیان دۆزرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ