قایمقامی هەڵەبجە: رێژەی بێکاری لە هەڵەبجە زیاترە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەڵەبجە رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی داراییەوە پلانی بە پارێزگابوون و گەشەکردنی شارەکە بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە. دەشڵێت، رێژەی بێکاری لە هەڵەبجە بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان زیاترە.
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە ئەمڕۆ هەینی لە کاتی بەشداریکردنی بوڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە نمە نەبەز پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "هیوادارین قەیرانی دارایی تێپەڕێنین و بتوانین زیاتر خزمەتی هەڵەبجە بکەین، چونکە ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە ئاست چاوەڕوانی و خواستی دانیشتووانی پارێزگەکەدا نییە".
قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا زۆرینەی پێکهاتەکانی ئیدارە و دامەزراوە پێویستەکان بۆ پارێزگەکە دروستکراون، چاوەڕێن دوای پەسندکردنی پرۆژەیاسای بە پارێزگەبوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، کردنەوەی ئەو بەڕێوبەرایەتیانەش کە سەر بە حکومەتی ناوەندین بچێتە قۆناخێکی دیکەوە، بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت و رەگەزنامە، بەڵام لە دامەزراوەکاندا کێشەی کەمی میلاکیان هەیە چونکە کاتێک فەرمانگە و دامەزراوەکان بۆ پارێزگاکە دروستکران، سوود لەو کارمەندانە وەرگیراوە کە پێشتر کاروباری قەزاکەیان بەڕێوەبردووە و نەیانتوانیوە فەرمانبەری پێویست دابمەزرێنن.
بە گوتەی نوخشە ناسیح، ناکۆکییە سیاسییەکان کاریگەییان هەبووە لەسەر پرسی پەسندکردنی پرۆژەیاسای بە پارێزگەبوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام چاوەڕێن پرۆژە یاساکە پەسند بکرێت، بۆ ئەوەی وەک پارێزگەیەک، بودجەیان بۆ تەرخانبکرێت و بەکاریبهێنین بۆ گەشەکردنی پارێزگەکە. گوتیشی: " داوامانکردووە، سنووری پارێزگەکە فراوان بکرێت و چەند قەزایەکی دیکەش بخرێتە سەر پارێزگەی هەڵەبجە".
قایمقامی هەڵەبجە باسی لەوەشکرد بۆ گەشەکردنی ئابووریی شارەکە و زیاتربوونی خزمەتگوزارییەکان داوایان لە سەرمایەداران کردووە، پرۆژەی زیاتر لە سنووری هەڵەبجە بکەن و بەشێک لە خزمەتکردنی شارەکە لە ئەستۆ بگرن، بەتایبەت هەڵەبجە شوێنێکی زۆر گونجاوە بۆ گەشەپێدانی پرۆژە گەشتیارییەکان.
بەگوتەی نوخشە ناسیح بەهۆی نەبوونی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە، رێژەی بێکاری لە هەڵەبجە لە شارەکانی دیکە زیاترە، تاوەکو ئێستاش دەروازە سنوورییەکانی سنوورەکە بەشێوەی بەرفراوان نەخراونەتە کار و بەشێکیان تەنیا بە رۆژ کاریان تێدا دەکرێت و مەرزی سازانیش هێشتا بە فەرمی نەکراوەتەوە.
مانگی ڕابردوو پارێزگاری هەڵەبجە و لیژنەیەکی تایبەت، رۆژی 24ی ئەم مانگەیان وەک رۆژی هەڵەبجە دیاریکرد، دیاریکردنی ئەم رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ 154 ساڵ لەمەوبەر، کە یەکەم ئیدارەی قەزا لە هەڵەبجە دروستبووە و لە 24ی تشرینی دووەمی ساڵی 1869 یەکەم قائیمقامی هەڵەبجە دەستبەکاربووە.