رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، 17 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 24-11-2023 بڵاویکردەوە، فڕۆکە و درۆنە جەنگییەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکان، کاژێر 8:00ی ئەمشەو، 17 پێگەی پەکەکەیان لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بە مەبەستی لەنێوبردنی ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییە جوداخوازەکان، نەهێشتنی ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە باکووری عێراقەوە دەکرێنە سەر هێزی ئەمنییمان، خەڵکەکەمان و هەروەها بۆ پاراستنی سنوورەکانمان؛ هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر ناوچەکانی مەتین، گارە، ئاڤاشین، خواکوڕک و قەندیل ئەنجامدران".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا باس لەوە دەکات، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 17 پێگە، حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگا و پەناگە کراونەتە ئامانج و دەشڵێت، "لە هێرشەکانماندا خەڵکی سڤیل، لایەنی دۆست، شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان زیانیان بەرناکەوێت".
هەر لەو بارەوە ئەمڕۆ هەینی 24-11-2023، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 08:00ـی ئەمشەو سنووری پێنج گوندی بناری قەندیل لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردوومان کرا.
هاوکات دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمشەو بۆردوومان هەبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکانی نازانین".
بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی هەپەگە کە رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 21-22ی مانگدا لە ناوچەکانی زاپ، مەتین و ئاڤاشین لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و 11 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە ئەنجامدا چوار سەرباز کوژران و نۆ سەربازی دیکەش برینداربوون.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 756 گەریلا و کوژرانی 110 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 57 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 388 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ