لە سلێمانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمدەبێتەوە؛ 'مانگ هەیە 160 هەزار بە کارەبا دەدەین'
رووداو دیجیتاڵ
پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بۆ کەمتر لە 10 کاژێر کەمبووەتەوە و بەجۆرێک لە بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەش بە دوو جۆر کارەبا(موەلیدە - نیشتمانی) تەنیا 20 کاژێر کارەبایان هەیە، لە کاتێکدا ئەوە بووەتە گوشارێکی دارایی لەسەرییان. هاونیشتمانییەک دەڵێت، "مانگ هەیە نزیکەی 160 هەزار پارەی کارەبا دەدەین."
کاوە شێخ سەلام، هاونیشتمانییەکە لە سلێمانی رۆژانە لەگەڵ هەڵکردنی هەر پلاکێک بیری لای ئەوەیە کارەباکە نیشتمانییە یان موەلیدە. لە ترسی ئەوەی جۆزەی کارەباکە دانەبەزێت و بێ کارەبا نەبن.
وەکو هاونیشتمانییان باسی دەکەن ئەمە دۆخی زۆرینەیانە و کاوە شێخ سەلام گوتی، "مانگ هەیە 118 هەزار پارەی کارەبامان داوە تەنیا بۆ موەلیدەی ئەهلی، کە ئەمە 8 بەرامبەری پارەی کارەبای نیشتیمانییە، ئەو کارەبا نیشتیمانییەی دوو مانگ جارێک پارەکەی دێتەوە ئەویش نزیکەی 35 بۆ 40 هەزارێکە بەپێی بەکارهێنان، ئێمە خۆمان کەم کارەبا بەکاردەهێنین، هەروەها جگە لەو دوو کارەبایەش ئێمە خۆمان موەلیدەیەکی بچووکمان کڕیوە چونکە هەندێکجار هیچ کارەبەیەکیان نییە، نەخۆشێکمان هەیە دەبێت ئاگامان لێیبێت."
لە سلێمانی 522 هەزار و 820 هاوبەشی کارەبای نیشتمانی هەیە، ئەمانە هەموویان کارەبای موەلیدەشیان هەیە تاوەکو بتوانن لە رۆژەکەدا نزیکەی 20 کاژێر کارەبایان هەبێت.
لە هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانی نرخەکەی بەو جۆرەیە، ئەگەر لە مانگێکدا 450 کیلۆوات 8 هەزار و 100 دینار تێچووەکەیەتی 900 کیلۆ وات لە مانگێکدا 18 هەزار و 900 دینارە. ئەگەر هاونیشتمانییەک 1500 کیلۆوات لە مانگێکدا 44 هەزار دینار دەبێت بدات.
کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانیش بەپێی مانگەکان جیاوازە، بۆ نموونە مانگی 10، نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان بۆ هەر ئەمپێرێک بەو جۆرە بووە:
هەولێر، 10 هەزار دینار
سلێمانی، 12 هەزار دینار
دهۆک، 9 هەزار و 500 دینار
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، ساڵانە نزیکەی 20 هەزار هاوبەشی نوێ لە سنووری سلێمانی زیاد دەبێت کە ئەوەش توانای ئەوان بۆ پێدانی کارەبا کەمتر دەکاتەوە.
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "ساڵ بە ساڵ ژمارەی هاوبەشەکانی کارەبا زیاد دەکات، پێویستە حکوومەت پلانی هەبێت چونکە ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بێت ساڵ بە ساڵ بۆشایی زیاتر لە توانای دابینکردن بەهۆی زیادبوونی خواست کەمتر دەبێتەوە."
لە سلێمانی 650 بۆ 750 مێگاوات کارەبا دەتوانرێت دابین بکرێت بەڵام لە کاتی زستان و هاوین ئەو خواستە بۆ 1800 تاوەکو 2100 مێگاوات بەرز دەبێتەوە.