رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر دەڵێت، بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووبوونەوەی لافاو و کەمئاویی لە هەولێر، حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 14 ملیار دیناری دا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پارەکە نەنێردراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دوای رێکارە کارگێڕییەکان دەخرێتە سەر هەژمارێکی پارێزگای هەولێر.
ئەمڕۆ هەینی 24-11-2023، لە راگەیێندراوێکدا پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، "دوای ئەوەی لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا لە کاتی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پڕۆژە پلانێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و بابەتی لافاو و دابینكردنی ئاو بە گوژمەی 14 ملیار دینار ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد؛ هەروەها 13ـی ئەم مانگە لە بەغدا بە سەرۆکایەتی سوودانی چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتمانیی ئاو بە بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و لەوێش پڕۆژەکەی پارێزگای هەولێر تاوتوێکرا و پارێزگاری هەولێر پوختەیەکی لەبارەی ئەو پڕۆژانە و کاریگەرییەکانی گۆرانکاری کەشوهەوا، ئەو پلان و رێگە چارەسەرانەی خستەڕوو، لیژنەی ناوبراو بەکۆی دەنگ پڕۆژەکەی هەولێری پەسندکرد و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ دەستکردن بە رێکاری دیکە".
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە، هەمان رۆژ ئومێد خۆشناو لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پڕۆژەکان، [پارێزگاری هەولێر] سڵاو و رێزی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیاند و پشتگیری جەنابیانی بۆ پێویستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان راگەیاند".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، رۆژی 21-11-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوی ژمارە (56997) کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کراوە، رەزامەندی دا لە سەر تەرخانکردنی بودجەی پێویست بە خەرجکردنی 14 ملیار دینار لەسەر بودجەی فریاکەوتنی عێراق بۆ هەولێر بۆ دەستکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 24-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاری خەرجکردنی پارەکە دراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نەنێردراوە و رێکارە کارگێڕییەکانی ماون؛ لە چەند رۆژی داهاتوودا لە پارێزگای هەولێرەوە نوێنەرێک دەستنیشان دەکرێت و بە هاوبەشی لەگەڵ نوێنەرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێکارە کارگیڕییەکان دەستپێدەکەن و دواتر پارەکە دەخرێتەسەر هەژمارێک کە پارێزگاری هەولێر دیاری بکات".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پڕۆژە پلانەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، رێگریکردن لە لافاو و دابینكردنی ئاو بۆ هاونیشتمانیانی هەولێرە.
بەگوێرەی پڕۆژەکان کە پارەکە خەرجکرا، بڕیارە ژمارەیەک بیری ئاو لێبدرێن، ژمارەیەک پۆند دروستبکرێن و چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە بۆ پڕۆژەکانی ئاو وەکو بەشێکی دیکە لە پلانەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە پارێزگای هەولێر جێبەجێ بکرێن.
لە سنووری پارێزگای هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا گرفتی کێشەی کەمیی ئاوی خاوێن سەرهەڵدەدات و ناڕەزایی هاونیشتمانییانی بەشێکی شارەکەی لێدەکەوێتەوە؛ لە وەرزی زستانیشدا ئەگەر بارانی بەلێزمە بۆ ماوەی چەند کاژێرێک بەردەوام بێت بەشێکی شارەکە ئاستی ئاوی تێدا بەرز دەبێتەوە و لە هەندێک شوێن لافاویش دروست دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ